ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران راگەیەندرا

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران راگەیەندرا

حوزه‌یران 18, 2025 14:57
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران راگەیەندرا
0

لایک

مەسرور بارزانی، سەرۆک حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی خستەڕوو و ڕایگەیاند، جەختمان کردەوە کە بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵ و کارکردنمان بەردەوامین بۆ چارەسەکردنی کێشەی مووچەی هەرێم.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەسرور بارزانی:

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەمان بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان – عێراق لەلایەن بەغداد کرد و جەختمان کردەوە کە بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵ و کارکردنمان بەردەوامین بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە و بۆ ئەم مەبەستەش، لەم یەک دوو ڕۆژەی دوایی، نامەیەکمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان – عێراق لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.

هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات ، بە تایبەتیش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان – عێراق کرد.

لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە کە هەمیشە دژی شەڕ و گرژی و وێرانکاری بووە و وەک هەمیشەش، فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامیی وسەقامگیریی دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هیچ لایەنێک.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان – عێراق، پشتیوانیی هەموو هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و پاراستنی ئاشتی و تەناهی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ، پێشنیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ بە ڕێژەی %20 بۆ شەش مانگی دیکە لە 7/1 تا 2025/12/31 خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد.

هاوکات لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوە، بەڕێزان سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بابەتی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی گشتییان خستەڕوو. لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیاری دامەزراندنیان لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی درا و ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و تەندروستی و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی ڕاسپارد ڕێکاری پێویست بۆ دامەزراندنیان بگرنەبەر.

En az 10 karakter gerekli