ئەمرۆ شەممە 23ـی 11ـی 2023 لیستی هاوپەیمانی تورکمانی هەولێر بەیاننامەیەک سەبرەت بە کۆتا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەر هەنگاو و بڕیارێک ببێتە مایەی لە ناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت لە بەرامبەردا.
دەقی راگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:
“کەپێكهاتەكانى گەڵى هەرێمى كوردستان بە هەموو بەشەكانيەوە لە كورد و توركمان و مەسيحى و يەزيدى…هتد، لە ژێر سياسەتێكى داپلۆسێنەر وناديموكراتانەی حكومەتەكانى يەك لە دواى يەكەكانى دەوڵەتی عێراق تا روخانی رژێمی بەعس، رووبەرووى قورسترين فشار وپەراوێز كردن بونەتەوە، كە ئەوەش كاريگەرى راستەوخۆى هەبووە بە شێوەێكى گشتى لەسەر ئاستى رێكخستنى سياسى و كۆمەلايەتى و رۆشنبيرى گشت پێكهاتەكان وە بە تايبەتى پێكهاتەكانى توركمان و مەسيحى (كلدو ئاشورى)، بەشێوەێک بۆتە هۆکاری لاوازبونی تواناى رەکابەری وکێبەرکێیان لە هەڵبژاردنەكان بەرامبەر پارتە گەورەكانی گۆرەپانی سياسى و دروست بوونی کۆسپ لەبەردەم گەيشتنيان بە پەرلەمان و مەلبەندەکانی بڕياردان و بەڕێوەبردن لە هەرێمى كوردستان.
ئەزمونی ديموكراسى وڵاتانی جیهان سەلماندوێتى كە سیستەمی كۆتا باشترين و چاكترين ئاليەتى دستورى وياساييە كە كاريگەرى هەبووە بۆ دۆزينەوەى رێگا چارەى گونجاو و زامن كردنى نوێنەرايەتى پێكهاتەكان لە دامەزراوە تەشریعیەکان. لە ساڵى (2009) بە ياساى هەموارى چوارەمی ياساى ئەنجومەنى نيشتمانى هەرێمى كوردستان ژمارە (2) ساڵى (2009) بە فەرمى كۆتا لە سيستەمى سياسى هەرێمى كوردستان جێگیر كرا، بە شێوەیەك لە کۆى گشتى (111) كورسى پەرلەمان (5) كورسى بۆ پێكهاتەى توركمان و (5) كورسى بۆ پێكهاتەى مەسيحى (كلدۆ-ئاشورى) و (1) كورسى بۆ پێكهاتەى ئەرمەن دابين كرا.
جێگيركردنى ميكانيزمى كۆتا لە سيستەمى حوكمرانى هەرێمی کوردستان، بێ گومان رەنگدانەوەى ئاستى روشدی سياسى و ديموكراسیە، لە هەمان كاتدا بەڵگەيە لەسەر ئاستى وشيارى رايی گشتى و ويستى پێكەوە ژيانى گشت پێكهاتەكانى گەڵى كوردستانە. لە لایەکیترەوە سیستەمی كۆتا مێتۆدێكى كاريگەر بوە لە بەلانس كردنى نوێنەرايەتى گەڵى كوردستان لە پەرلەمان و کاراکردنی رۆل و بەشداری پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی ووڵات. جگە لەوەش ئەم سیستەمە بوەتە هاندەر وپاڵنەرە بۆ جولاندنى ويستى بەشدارى كردنی تاكى پێكهاتەكان لە پرۆسەى هەڵبژاردن. پێش پەيرەو كردنى كۆتا و بە هۆى بێ ئومێدى ونەبونى جانسى رەكابەرى پارتە گەورەكان، پێكهاتەكان دوور كەوتن لە پروسەى هەڵبژاردن. بەڵام دواى جێبەجێ كردنى سیستەمی كۆتا، ئاستى بەشداریكردنى توركمان ومەسيحيەكان لە سەر هەردوو ئاستی دەنگدان و خۆپاڵاوتن بەشێوەێکی بەرچاو بەرزبونی بەخۆیەوە بینیوە.
روون و ئاشکرایە بەپێ دەقی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سیستەمی یەک بازنەیی پیادە دەکرێت لە هەرێم، لە ئەنجامى بەراوردکردنی لایەنی باش و خراپی هەردوو سیستەمی (تاک) و (فرە) بازنەیی، بۆمان دەردەکەوێت سیستەمی (تاک بازنەیی) گونجاوترە بۆ پێکهاتەی تورکمان، بۆیە ئیمە وەک نوێنەرانی گەڵی تورکمان سیستەمی فرەبازنەییمان قەبول نییە و پیادە کردنی سیستەمی فرە بازنەیی دەبێتە هۆی تێکدانی یەکریزی وزیان گەیاندن بە رەوشی هاوهەلوێستی تورکمان و دابەش بوون لە نێو سەنگەرە حزبیە جیا جیا کانی هەرێم، کە ئەمشیان لە بەرژەوندی ئێمەی تورکماندا نییە.
بەداخەوە لە ئێستادا، هەوڵێک هەیە بۆ پەکخستنی سیستەمی کۆتا لە هەرێمی کوردستان، وبۆ ئەم مەبەستە چەندین داوا تۆمارکراوە لە دادگای باڵای ئیتیحادی، تیایدا داوادەکرێت لە رێگای پیادەکردنی سیستەمی (فرەبازنەیی) کورسیەکانی کۆتا لەسەر پارێزگاکانی هەرێم دابەش بکرێت. ئێمە لێرەدا بە پێویست دەزانیین، بەر لە بڕیاردان و بۆ بەرچاوروونی چەند روونکردنەوەێک بخەینە بەردەست دادگای باڵای ئیتیحادی بەم شێوەی خوارەوە:-
یەکەم/ دادگا باڵای ئیتحادی لە داوەی ژمارە (73 و موحداتها 79 و 89 و 103و 104و 114 و 118 و 144 و 145/ اتحادیە /2023) بڕیاری داوە بە نا دەستوریەتی دابەش کردنی کۆتای مەسیحیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر دوو بازنە بە پێ هەمواری سێیەمی یاسای (هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان و شارۆچکەکان) ژمارە (12) ساڵی (2018)، و بڕیاری داوە بە هەڵوەشاندنەوەی بەندەکانی (1و 2/ج) لە بڕگەی (یەکەمی) مادەی (15)، پالپشت بە مادەی (9) لە یاسای هەمواری سێیەم ژمارە (4) سالی (2023)، ودانانی تەواوی عێراق بە یەک بازنەی هەڵبژاردنی بۆ کورسیەکانی کۆتای مەسیحی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. بۆیە پێویستە دادگای ئیتحادی لە هەمان چوارچێوەدا بڕیاری بدات بە رەتکردنی داواکانی تایبەت بە فرەبازنەکردنی کورسیەکاتی کۆتا لە هەرێمی کوردستان، و چاوەرەوان ناکرێت دادگا دوو بڕیاری دژ بە یەکتر بدات لە هەمان بابەتدا.
دووەم/ لە سەرەوش ئاماژەمان پێکرد، سیستەمی کۆتا کەوتە بواری جێبەجێکردن دوای هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1) ساڵی (1992)، لە ئەگەری بڕیاری دادگای بە پوچەڵ کردنی سیستەمی (یەک بازنەیی) بۆ کورسیەکانی کۆتا، پێویست دەکات یاسای هەڵبژاردن لە لایەن پەرلەمان هەموار بکریت (تدخل تشریعی). هەر وەک روون و ئاشکرایە پەرلەمانی کوردستان بە خودی بڕیاری دادگای باڵای ئیتحیادی هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن لەم دۆخەدا ئەستەمە، بەمەش دوجاری حالەتی گەڕانەوە دەبین بۆ ئەسلی یاساکە و کۆتایی هێنان بە سیستەمی کۆتا بە شێوەێکی کاتی تا هەلبژاردنی خولی پێنچەمی پەرلەمانی کوردستان. بە واتەیەکی تر تورکمان بێ بەش دەبیت لە سیستەمی کۆتا لە هەلبژاردنەکانی (24/2/2024).
سێیەم/ دەقی مادەی (125)ی دەستوری عێراق، جەخت دەکات لە سەر ئەوەی ئەم دەستور زامنی مافە سیاسی و کارگێری و کەلتوری و زمانەوانی پێکهاتەکانی تورکمان و کلدان و ئاشوری و باقی پێکهاتەکانی عێراقە، بۆیە هەر هەنگاوێک ببێتە هۆکار کۆتایی هێنان و یاخود زەرەر گەیاندن بە سیستەمی کۆتا نا دەستوریە و پێشێلکردنی دەقی ئاماژە پێکراوە.
لە کۆتاییدا ئێمەی نوێنەرانی گەڵی تورکمان بۆ رای گشتی رادەگەێنین سیستەمی کۆتا دەسکەوتێکی مێژوویی گەلەکەمانە و هەر هەنگاو و بڕیارێک ببێتە مایەی لە ناوبردنی ئەم دەسکەوتە جێگای قەبول نییە و هەلوێستی توندمان دەبێت لە بەرامبەردا.
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی هەولێر
(٢٨/١٠/٢٠٢٣)
لەگەڵ ڕێزدا……