30 ئایار 2026 شەممە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکادا یەکلایی نەکراوەتەوە و سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش هیچ دانوستانێکیان نییە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکادا یەکلایی نەکراوەتەوە و کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز لەلایەن ئێران و عومانەوە دیاری دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم قۆناغەدا سەرنجیان خستووەتە سەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش هیچ دانوستانێکیان نییە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە توندی سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی دەوڵەتی کوەیتی کرد لە ڕێگەی مووشەک و درۆنەوە، جەختیشی لەسەر ڕەتکردنەوەی هەر کارێک کردەوە کە ببێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئیدانەی خۆمان بۆ بە ئامانجگرتنی دەوڵەتی کوەیتی برامان لە ڕێگەی مووشەک و درۆنەوە ڕادەگەیەنین، پابەندین بە ڕەتکردنەوەی سەرجەم ئەو کارانەی کە دەبنە هۆی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەکەدا جەختی لەسەر گرنگی خۆڕاگرتن و بەدوورگرتنی ناوچەکە لە پەرەسەندنی سەربازی زیاتر کردەوە، بە شێوازێک کە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی، هەروەها هۆشداریشی دا لە پێویستی پشتبەستن بە گفتوگۆ و ڕێگە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم كێشە و قەیرانەکان.
لە کۆتاییدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ سەرجەم هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دووپات کردەوە کە ئامانجیان ڕێگریکردنە لە بەرفراوانبوونی بازنەی توندوتیژی و کارکردن بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە کە ئاسایش و سەقامگیری گەلانی ناوچەکە بپارێزێت.
بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە هێرشێكی درۆنی كرایە سەر وڵاتی كوەیت، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە درۆنەكان لە خاكی ئێرانەوە ئاراستەكرابوون.
سوپای پاسداران رەتی كردەوە كە سەرەتا ئەوان دەستپێشخەربووبن لە هێرشەكەدا، بەڵكو رایگەیاند كە سوپای ئەمریکا لە کاتەکانی بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممەدا هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر خاڵێک لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس.
ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەوان وەڵامی هێرشەكەیان داوەتەوە و ئەو بنكە ئاسمانییە ئەمریكییەیان بۆردومان كردووە كە هێرشەكەی لێوە ئەنجامدراوە.
لای خۆشییەوە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێكس) تۆمەتەكانی رەتكردەوە و ڕایگەیاند كە سەرەتا ئێرانییەكان بە ٥ درۆن هێرشەكەیان ئەنجامداوە، جەختیشی كردەوە كە هەر ٥ درۆنەكە بەبێ زیان خراونەتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشدابوو كە ئێرانییەكان خەریكبوون درۆنی شەشەمیش ئاراستە بكەن، بەڵام لە پێگەكە لەسەر زەوی لە بەندەر عەباس دراوە و درۆنەكە تێكشكێنراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند؛ بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربان، رۆژی سێشەممە ٢٦ـی ئایار تاکوو رۆژی شەممە ٣٠ـی ئایار، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان-عێراق، پشووی فەرمی دەبێت.
هاوکات لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، دەوام بەشێوەی ئێشکگری بەردەوام دەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاشیگەیاند؛ رۆژی یەکشەممە ٣١ـی ئایاری ٢٠٢٦، دەوامی فەرمی دەست پێدەکاتەوە.
ئێوارهى ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق، پێشوازيی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق کرد کە بە یاوەریی شاندێکی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی ههرێمى كوردستانى کرد.
لە کۆبوونەوەيهکدا، باسیان له چەندین دۆسیەی جیاواز كرد، بەتایبەتی پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
لهمبارهيهوه هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی گفتوگۆى نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە، بە مەبەستی پێکهێنانی حکوومەتێک کە خزمەت بە تهواوى پێكهاتهكانى عێراق بكات و ڕهنگدانهوهى چاوهڕوانييهكانيان بێت.
هەر لە كۆبوونهوهكهدا، ڕێکخستنی پەیوەندییەکانى ههولێر(ئەربیل) ـ بهغداد و چارهسهرکردنی کێشهکان لە چوارچێوەی بنەما دەستوورى و یاسا کارپێکراوەکاندا، تاوتوێ کرا.
ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، پێشوازی لە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە ئێمە پشتیوانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەبین لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە کە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارەسەر بکرێن و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی عێراقیش لە سەربنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بێت.
سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی فیدراڵ، سوپاسی پێشوازی و پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەتی کرد و جەختی کردەوە کە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، بەهێزبوونی حکوومەتی فیدراڵییە و دڵنیایی دەدەین کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین .