ئەمڕۆ یەکشەممە، 26 کانوونی دووەم، 2025 هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا زنجیرە سەردانێکی بۆ بەغداد ئەنجامدا. لە سەردانەکەدا سەرەتا لەگەڵ فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە، پاشان لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە. لەدوای سەرۆککۆمار، هاکان فیدان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و باسی لە پرسە هاوبەشەکان کرد. مەحمود مەشهەدانی، سەرۆک پەرلەمانی عێراق و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری نیشتمانیی عێراق و سابت محەمەد وەزیری بەرگریی عێراق ئەو بەرپرسانە بوون کە لەگەڵ هاکان فیدان ئەمڕۆ کۆبوونەوە.
دوای سوودانی، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە لەگەڵ بەرپرسانی بەرەی تورکمانی عێراق کۆبووەوە کە شاندەکە پێکهاتبوو لە حەسەن توڕان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو، محەمەد سەمعان، وتەبێژی حزبەکە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی و سەوسەن جەدوع، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە لیستی بەرەی تورکمانی پێکهاتبوو.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا تاوتوێی پرسە هاوبەشەکانی کرد
دەربارەی کۆبوونەوەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی بەرەی تورکمانی، بەرەی تورکمانی ڕایگەیاند، “ڕۆژی یەکشەممە 26 کانوونی دووەم، 2025، حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی و سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتووی عێراق لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و پرسە هاوبەشەکان بابەتی کۆبوونەوەکە بوو.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد سەمعان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی و سەوسەن جەدوع، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە لیستی بەرەی تورکمانی تێیدا ئامادەبوون.”
ئاماژە بەوەشکرا، “لە میانی دیدارەکەدا، کە بارودۆخی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا بەشێوەیەکی هەمەلایەنە تاوتوێ کرا، چوارچێوەی هاریکاری هاوبەشیش جێگای باسبوو، هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و هەماهەنگی لە بوارە گرنگە جیاجیاکان کردەوە بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا.”
حەسەن توران پێداچوونەوەی بە دۆخی پێکهاتەی تورکمان لە عێراق کرد و تیشکی خستە سەر ئەو هەوڵانەی بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی داهاتووی تورکمان دەدرێن.
ئەوەش خرایەڕوو، “هەردوولا ڕایانگەیاند، سەردانەکە کە تێیدا پرسە هاوبەشەکانی وەکو هاریکاری ئەمنی و شەڕی تیرۆر و پرسی ئابووری تاوتوێ کراوە، هەنگاوێکی ستراتیژی بووە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، هەروەها هەردوو وڵات ئیرادەی خۆیان بۆ دڵنیابوون لە پشتڕاستکردنەوەی سەقامگیری ناوچەکە و گفتوگۆی بەردەوامی نێوان هەردوولا سوودبەخش دەبێت بۆ هەموو ناوچەکە. ئەمە ڕەنگدانەوەی دیدێکی هاوبەشە بۆ داهاتوویەکی سەلامەتتر و خۆشگوزەرانتر بۆ وڵاتەکەمان.”
ئاماژە بەوەشکرا، “ئەو کۆبوونەوانە له چوارچێوەی خواستی هەڕدوولا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عێراق و تورکیایە و پاڵپشتی له سەقامگیری ناوچەکه و داکۆکیکردن له مافی پێکهاته نەتەوەییەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.”