پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی ئەمنی پارێزگاکەی کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەدا دوای دەستبەکاربوونی محەمەد سەمعان ئاغا، تاوتوێی بارودۆخی ئەمنی کەرکووک و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەش و چەسپاندنی سەقامگیری لە پارێزگاکەدا کرا.
ئەوەشی خستەڕوو، هەروەها باس لە پلانەکانی جەژنی قوربانی پیرۆز و ئامادەکردن و جێبەجێکردنیان کرا بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لە کەرکووک، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پڕۆژەی سیستەمی کامێراکان و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ.