پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە پارێزگاری کەرکووک دەکات و پشتگیری خۆی بۆ ئیدارەکەی دووپات دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٧ی ئایاری ٢٠٢٦، پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، محەمەد سەمعان ئاغا پارێزگاری کەرکووک لە دیوانی پارێزگای کەرکووک پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاڵەبانی پیرۆزبایی لە پارێزگاری کەرکووک کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە نوێیەکەیدا و پشتگیری خۆی بۆ ئیدارەی کەرکووک و تیمەکەی دووپاتکردەوە.
پارێزگای کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، لە دیدارەکەدا کە ڕێبوار تەها جێگری یەکەمی پارێزگار و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و یاریدەدەران و ڕاوێژکاران ئامادەی بوو باس لە بارودۆخی خزمەتگوزاری و ئابووریی پارێزگاکە و هەوڵەکانی ئیدارەی کەرکووک بۆ خزمەتکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیان و ئاشتی لە کەرکووک کرا.