ئایا تورکمان بە ترسنۆک کراوە؟

ئایا تورکمان بە ترسنۆک کراوە؟

شوبات 24, 2025 10:50
ئایا تورکمان بە ترسنۆک کراوە؟
0

لایک



وای لێهاتوە وتنی ڕستەی “من تورکمانم” لە هەولێر بوێری دەوێت. زۆر بە وردی کار بۆ ئەوە کراوە کە دۆخەکە بگاتە ئەم ڕادەیە و ئەم کارە زۆر بە جوانی بەرهەمەکانی پێشکەش دەکات. هەڵبەتە دەرئەنجامی ئەوانەی باس لە کێشەی تورکمان، سیاسەتی بە ئەوی دیکە کردن (پەراوێزخستن) و چەوساندنەوە و لەبیرکردنی ناسنامە دەکەن ڕەخنەباران دەکرێن.

لەم چەند هەفتەیەی دواییدا عەبدوڵا میران، پێشکەشکاری بەرنامەی “واژوو” لە گروپی میدیایی تەبا، ڤیدیۆیەکی ئامادەکرد کە تیایدا باسی کێشەکانی نەتەوەی تورکمان کرد بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک تەئشیر بکات. دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکە خاڵی سەرنج ئەوەبوو کۆمەڵە تورکمانێک و تورکمان زمانێک دژی ڤیدیۆیەکە وەستان. لێرەدا چەند پرسیارێکی لۆژیکی دێتە ئاراوە؛ باس لە کێشەی نەتەوەکەت دەکات بۆچی ناڕەحەتی؟ وتەکانی درۆن؟ یاخود مەسڵەحەتت دەکەوێتە کێشەوە؟ ئایا زمان، کلتور و مێژووەکەت لە مەترسیدا نییە؟… ئەمانە و چەند پرسیاری دیکە دەکرێت. باشە دۆخەکە چۆن وای لێهات؟

ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانەی کە چوارچێوەی دەروونی کۆمەڵگا دروست دەکرێن

سەرەتا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە هاوتەمەنەکانم و ئەو تاکانەی لەمن گەنجترن لە منداڵیدا دووچاری چەند هوتافێک بوونەتەوە؛ ترسنۆکن، گێلن، پیاوی تورکن، خۆشناون هتد… هەموومان دووچاری ئەم چەشنە چەقبەستووانە بووین. هەڵبەتە ئەم دۆخە کاریگەری نەرێنی لەسەر باری دەروونی کۆمەڵگەی ئێمەی کردووە. بەم شێوەیە چەند چەمکێک دەخرێتە هزری کۆمەڵگا کە ترس بەرامبەر چەند چەمکێک دروست دەکرێت و ئەمەش بە چەند میکانیزمێکی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت.

ئەم میکانیزمانە پێویستیان بە پرۆسەیەکە و پرۆسەکەش پێویستی بە چەند میتۆدێک هەیە؛ بۆ نموونە دروستکردنی چەشنی چەقبەستوو لەڕێگای ڕاگەیاندن (میدیا)، پەروەردە و ژینگەی کۆمەڵایەتی کە نەتەوەیەک بە خراپ و ترسنۆک لە قەڵەم بدات. دوای دروستبوونی ئەم چەشنە، تاک خۆی لە چوارچێوەیەکی نەرێنی دەبینێتەوە کە خۆی دووبارە دەکاتەوە. ئەگەر لەڕووی تورکمان بڕوانینە دۆخەکە؛ تورکمان بە ترسنۆکییەوە دەبەسترێتەوە. لەلایەکی دیکەوە گاڵتە کردن بە زمانی تورکمانی و خوڵقاندنی نەستی شەرمکردن لەم زمانە لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی دەرەوە لە ناخیاندا، میتۆدێکی دیکەی بە ئەوی دیکە کردنە (پەراوێزخستنە). بەم میتۆدە تاکی تورکمان نایەوێت لای نەتەوەی دیکە بە زمانی خۆی بدوێت چونکە لە هزری نائاگاییاندا دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە زمانەکەیان دروستبووە. ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا ترس لە چەمکێکی دیاریکراو هەبێت (با ئەم چەمکە تورکمان بێت)، نەوە نوێیەکانیش ئەو ترسە دەکەنە ناوەکی، بەجۆرێک کە ئەمڕۆ نەوەی نوێ شەرم دەکات و دەترسێت لە قسەکردن بە زمانی دایکی خۆی.

ئەم دۆخە لەم تاکانە بە شێوازی جیاواز خۆی نیشان دەدات و کاردانەوەیان دەبێت؛ پەرچەکرداری خۆ بەدوورگرتن: “دوورکەوتنەوە لە چەمکە بە ترسکراوەکان، دوورکەوتنەوە لە باسکردنیان یان تابوکردنیان”، کاردانەوە سۆزدارییە بەکۆمەڵەکان: “تووڕەبوونی لە ناکاو و ترسان لە هەندێک وشە یان هێما”. بۆ نموونە وتنی ڕستەی “تۆ تورکمانیت” بە تورکمانێک کە نەیەوێت گوێبیستی ئەم ڕستەیەبێت، کاردانەوەی دەبێت. زیادەڕۆیی لە پاراستن و پەیوەستبوون بە دەسەڵات:

 “بەهۆی ترسی ئەمنی پابەندبوون بە داواکارییەکانی دەسەڵات”. سانسۆر و ئۆتۆسانسۆر: خۆبەدوورگرتن لە باسکردنی چەند بابەتێکی دیاریکراو”. دوژمنایەتی گروپ و بە ئەویدیکە کردن (پەراوێزخستن): جیاکاری و پەراوێزخستن دژی ئەو تاک و گروپانە کە پەیوەست بە چەمکی ترسناک”.

ئەم پرۆسانە بە تێپەڕبوونی کات لە ڕێگەی نائاگایی بەکۆمەڵەوە بەهێزتر دەبن، کە یەکێکە لە میکانیزمە بنەڕەتییەکانی دەروونناسی کۆمەڵایەتی. دەتواندرێت ئەم ترساندە نەوە بۆ نەوە بگوازرێتەوە بەتایبەتی کاتێک لە ڕێگەی ئامرازەکانی وەکو میدیا، سیاسەت و پەروەردە بەردەوامییان پێدەدرێت. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا کارکردن بۆ تورکمان کاردانەوەی تورکمانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. کە لەنێو نەتەوەکانی دیکە ئەم دۆخە پێچەوانەیە. بۆ نمونە؛ میدیای کورد، کوردایەتی بکات ئەو دەزگایە ڕووبەڕووی ڕەخنە نابێتەوە. یاخود عەرەبێک، سوننییەک، شیعەیەک بۆ نەتەوە یاخود مەزهەبەکەیان کاربکەن پشتگیری دەکرێن. بە کورتی تورکمانەکان زۆرترین ترسیان لەو تورکمانانەیە کە داکۆکیکەری مافی تورکمانن، چونکە ئەو دڵەڕاوکێ و ترساندنانەی لەسەرەوەدا باسکراوە هەمیشە لە هزری نائاگایی ئەواندا بوونیان هەیە.

En az 10 karakter gerekli