لەسەر ڕاسپارد و ڕێنماییەکانی مەحمەد سەمعان ئاغا پارێزگاری کەرکووک، نرخی ئەمپێرێک مۆلیدەی بە بڕی ١٥٠٠ دینار کەمکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٤ی ئایاری ٢٠٢٦، پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، لە پێناو جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی پارێزگاری کەرکووک مەحمەد سەمعان ئاغا و بە سەرپەرشتی یاریدەدەری پارێزگار بۆ کاروباری خزمەتگوزاری و پەرەپێدان ئەندازیار جیھان ئیبراھیم فارس و قائیمقامی قەزای کەرکووک ئەڤێستا محەمەد، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بەڕێوەچوو بۆ تاوتێکردنی نرخی مۆلیدەکان و ئەگەری کەمکردنەوەی نرخەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە ڕەوشی کارەبای نیشتمانی و بەرزبوونەوەی تێچووی کارپێکردن کرا، لەوانە نرخی سووتەمەنی و ڕۆن و کرێی چاککردنەوە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی بارودۆخی بژێوی هاوڵاتیان و تێگەیشتن لە دۆخی خاوەن مۆلیدەکان.
دوای گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتن کرا:
کەمکردنەوەی نرخی هەر ئەمپێرێک بە بڕی (١٥٠٠) دینار، لەکاتێکدا ئەم نرخە بۆ ٤٠ ڕۆژ کارپێکردن بووە، ئەمەش وەک هاوکارییەک لە سایەی ئەو تەحەددیاتانەی ڕووبەڕووی پارێزگاکە و وڵاتەکەمان دەبنەوە.
جێی ئاماژەیە کە کاتژمێرەکانی کارپێکردنی مۆلیدە لە هەندێک ناوچەی کەرکووک گەیشتووەتە زیاتر لە ٣١٨ کاتژمێر، کە ئەمەش بڕە پارەیەکی زیاتر لەوەی بڕیاردرابوو دەخاتە سەر هاوڵاتیان، بەڵام بەم بڕیارە نرخەکە هاوسەنگ کرایەوە.