14 ئایار 2026 پێنجشەممە
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، پێشوازی لە ئەنڵ بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گەلی دۆست و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاوازەکاندا کرا.
ئەعرەجی جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا پەیوەندیی ستراتیژی و جیاوازن. ئاماژەی بە گرنگیی تورکیا بۆ عێراق کرد بەهۆی ئەو پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، بازرگانی و سنوورە هاوبەشەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، جگە لە هاوکاریی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان.
هەروەها ئەعرەجی ئاماژەی بە گرنگیی ئەوە کرد کە دیپلۆماسیی عێراقی ڕۆڵێکی کارا لە ناوچەکەدا بگێڕێت بە هاوکاری لەگەڵ برا و دۆستان، بەو شێوەیەی کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی سەقامگیری و چەسپاندنی ئاشتی و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان. ڕوونیشیکردەوە کە هێزی دەوڵەت لە بنیاتنانی دامەزراوە نیشتمانییە تۆکمەکاندایە کە پابەندی یاسا و دەستوور بن، بەجۆرێک کە گەرەنتی بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە بڕیارەکانیدا بەپێی بەرژەوەندیی عێراق بکات.
لە لایەن خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا جەختی لەسەر پەرۆشیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە بوارە سیاسی، ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنانەکاندا کردەوە. جەختیشی لەسەر گرنگیی کاری هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، دوای ماوەیەک لە راگرتن و پەککەوتنی هاتوچۆی ئاسمانی بەهۆی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لە چەند مانگی داهاتوودا توانای کارکردنی تەواوی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە. دهشڵێت، هێڵهكانی ئاسمانی تورکیا گەشتەکانی بۆ عێراق دەستپێدەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦، مەیسهم سافی، بەڕێوبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتەکه به رۆژنامهی سهباح-ی راگهیاند، “هاتوچۆی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد ورده ورده ئاسایی بوهتهوه و دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان لەلایەن هێڵە ئاسمانییە عەرەبی و بیانییەکان، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی گواستنەوەی ئاسمانی زیارەتکاران بۆ سعودیه”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی تورکیا بۆ عێراق دهستپێدهكهنهوه، دوای ڕاگرتنی زیاتر لە دوو مانگ. وڵاتانی دیکە و هێڵە ئاسمانییەکانی دیکەش لە مانگی داهاتوودا گەشتەکانیان دەستپێدەکەنەوە، دیارترینیان سوڵتانییەتی عومانە.
وتهبێژی وهزارهتی گواستنهوه و گهیاندن دهڵێت، “لەئێستادا فڕۆکەخانەکە بە خشتەیەکی ئاسایی کاردەکات، لەگەڵ زیادبوونی بەرچاو لە ژمارەی سەرنشینانی هاتن و ڕۆیشتن”.
ئهوهشی وت، وەزارەتەکە بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێلە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی سەرجەم گەشتە راگیراوەکان لە قۆناغی داهاتوودا، هاوبەش لەگەڵ پلانی پەرەپێدانی خزمەتگوزاریەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد.
وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری دا ماوەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل بۆ ماوەی یەک ساڵ درێژ بکاتەوە بێ ئەوەی هیچ سزایەکی دارایی بکەوێتە سەر بازرگانان و خاوەن پێشانگاکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و بازرگانان دەرکرد.
بەپێی فەرمانی وەزارەت ژمارە ١٣٩٣٥ لە ١٣ی ٥ی ٢٠٢٦ بەهۆی لێکەوتەکانی بارودۆخی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بەسەر بژێوی خەڵک و بازرگانییەوە؛ بڕیار درا ماوەی تۆمارکردن بۆ هاوردەکاران درێژ بکرێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ روونیشی کردەوە، بڕیارەکە ئەو بازرگان و خاوەن کۆمپانیا و پێشانگایانەی بواری هاوردەکردن و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل دەگرێتەوە کە پێش جەنگەکە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلیان هاوردە کردووە و بەهۆی دۆخی جەنگەوە لە گەراج و پێشانگاکانیان ماونەتەوە و نەیانتوانیوە بیانفرۆشن.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ماوەی یەک ساڵ لە دەرچوونی ئەو فەرمانە مۆڵەتەکەیان بۆ درێژ کرایەوە و هیچ سزایەکی دارایی ناکەوێتە سەریان بۆ ئەوەی هاوکارییەک بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی بازاڕ.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی فرە-مەبەستی “سارا ١” (SARA 1)ی بۆ پاڵپشتیکردنی چاودێریی ئەمنی و ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان خستووەتە گەڕ.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند: “وەک بەشێک لە پەرەپێدانی تواناکانی تەکنیکی و هەواڵگری، خستنەگەڕی سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی فرە-مەبەستی “سارا ١” بۆ پاڵپشتیکردنی چاودێریی ئەمنی و ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان ڕادەگەیەنین”.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “فڕۆکەکە پڕچەک کراوە بە سیستەمی پێشکەوتووی چاودێری و بینین کە لە شەو و ڕۆژدا و لە بارودۆخە جیاوازەکاندا کار دەکەن، هەروەها توانای مانۆڕی بەرز و وەڵامدانەوەی خێرای هەیە”.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوەش کردووە: “سیستەمی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەلایەن بەکارهێنانی مەیدانیی ڕاستەوخۆوە تاقیکراوەتەوە و کارایی و جێمتمانەیی خۆی لە ئەنجامدانی ئەرکە ئەمنییەکاندا بە وردی و بەردەوامی سەلماندووە”.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە کۆنترۆڵی مەیدانی بەهێز دەکات و لە ڕێگەی شێوازە تەکنەلۆژییە مۆدێرنەکانەوە لەگەڵ تەحەدایە ئەمنییەکاندا هاوتەریب دەبێت.
جەیهوون بایرامۆڤ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان بایرامۆڤ و عێراقچی، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئازەربایجان و ئێران، بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دانوستانەکان لەو چوارچێوەیەدا تاوتوێ کران.
لە دیدارەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ دیدگاکانی پەیوەست بە چارەسەرکردنی گەشەسەندنەکانی دەوروبەری ئێران بە ڕێگەی دیپلۆماسی و سیاسی کرا.
عێراقچی زانیاری وردی سەبارەت بە پڕۆسەی دانوستانەکان پێشکەش کرد، بایرامۆڤیش ڕایگەیاند کە ئازەربایجان پشتگیری لە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگەوە دەکات.
هەروەها وەزیرەکان بیروڕایان گۆڕییەوە سەبارەت بە پرسە دووقۆڵییەکان، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی تری جێگەی بایەخی هەردوولا.