ئوردن: داواكەی ترەمپ لەبارەی غەززە رەتدەکەینەوە

ئوردن: داواكەی ترەمپ لەبارەی غەززە رەتدەکەینەوە

كانونی دووه‌م 26, 2025 22:12
ئوردن: داواكەی ترەمپ لەبارەی غەززە رەتدەکەینەوە
0

لایک

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێویستە ئوردن و میسر زیاتر فەڵەستینی لە غەززەوە وەربگرن، وەزیری دەرەوەی ئوردن ڕایگەیاند، وڵاتەكەی سوورە لەسەر ڕەتکردنەوەی ئاوارەبوونی فەڵەستینییەکان و جێهێشتی كەرتی غەززە، دەشڵێت “چارەسەری دوو دەوڵەتی ڕێگای گەیشتنە بە ئاشتی و لە ئێستاشدا لە پێشینەی كارەكانیان بەردەوامی ئاگربەست و گەیاندنی هاوكاریی زیاترە بە خەڵكی غەززە”.

ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەمڕۆ یەكشەممە لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ئێمە هەڵوێستی خۆمان نوێ دەکەینەوە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی ئاوارەبوونی فەڵەستینییەکان لە كەرتی غەززە و ڕەتکردنەوەی ئاوارەبوونی فەڵەستینیەكان پتەو و نەگۆڕە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە چارەسەری دو دەوڵەتی ڕێگای گەیشتنە بە ئاشتی، چارەسەری پرسی فەلەستینیەكان لای خۆیانە و كاركردنی ئێمەش بە ئاراستەی سەقامگیرکردنی ئەوانە لە خاکی خۆیان و جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی”.

وەزیری دەرەوەی ئوردن باسی لەوەشكرد، لە پێشینەی كارەكانیان لەئێستادا بەردەوامی ئاگربەستە لە کەرتی غەززە و زیادكردنی هاوکاریە بۆ دانیشتوانی کەرتەكە، هەروەها کاردەکەن بۆ هێنانی هاوکاری بۆ غەززە بەبێ وەستان، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاوەدانکردنەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێشتر ڕایگەیاندبوو، “لەگەڵ شاعەبدوڵای ئوردن قسەمكرد و پێموت کە پێم خۆشە ئاوارەی زیاتر وەربگریت، چونکە ئێستا سەیری تەواوی کەرتی غەززە دەکەم و لە دۆخێکی پشێویدایە، پێمخۆشە ئەو کەسانە وەربگرێت، هەروەها پێم خۆشە میسریش پێشوازی لە خەڵک بکات لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر قسە دەکات”.

سەرۆکی ئەمریکا وتبوشی، “باسی ملیۆن و نیو کەس دەکەین، هەموو ناوچەکەش پاک دەکەینەوە کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە”.

En az 10 karakter gerekli