ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، لە هیچ کام لە گفتوگۆ و دانوستانەکاندا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سازش لەسەر مافەکانیان ناکەن و پابەندی پاراستنی تەواوی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی وڵاتەکەیان دەبن.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە، کە تاران لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ واشنتن بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە پاشەکشە لە هێڵە سوورەکانی بکات یان سازش لەسەر ئەو پرسانە بکات کە پەیوەستن بە سەروەری و مافە بنەڕەتییەکانی وڵاتەکەی.
ئەم هەڵوێستە توندەی تاران لە کاتێکدایە کە باس لە گەیشتنی پێشنیازی نوێی ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەکرێت. ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرامبەر بێت و تاران لە ژێر گوشار و هەڕەشەدا هیچ بڕیارێک نادات کە زیان بە پێگەی سیاسی و نەتەوەییەکەی بگەیەنێت.