محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق، سەردانێکی فەرمیی بۆ بەغدادی پایتەخت ئەنجامدا و لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە، بە ئامادەبوونی سەرکردە لە یەکێتی و وەزیری داد، دکتۆر خالید شوانی.
لە میانی دیدارەکەدا، باس لە کۆی پێشهاتە سیاسییەکانی گۆڕەپانی عێراق و هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ناوچەکە کرا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێکان و بەهێزکردنی سەقامگیری.
هەروەها هەردوولا باسیان لە ڕێگاکانی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان هێزە نیشتمانییەکان کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی دیالۆگی بونیادنەر لە نێوان پێکهاتە سیاسییە جیاوازەکاندا کردەوە.
لە کۆتاییدا، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە بەدیهێنانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان.