ئه ندامانی تورکمانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی دانانی محەمەد سەمعان ئاغا سەرۆکی بەرەی تورکمانی وەک پارێزگاری کەرکووک لێدوانی جیایان دا.
ئەحمەد ڕەمزی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، گرتنەبەری پێکهاتەی تورکمانی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە گۆڕانکارییەکی مێژوویی لەمێژە چاوەڕوانکراو وەسف کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەم پێشهاتە ڕەنگدانەوەی بوونی ڕاستەقینەی تورکمانەکانە لە ئیدارەی شارەکەدا و ڕۆڵی ئەوان لە خزمەتکردنی خەڵکدا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سەرکەوتنەی بەدەست هاتووە دەرئەنجامی سەبر و ماندووبوون و قوربانیدانی ساڵانێکە. هەروەها ئەحمەد ڕەمزی هیوای سەرکەوتنی بۆ پارێزگاری نوێ، محەمەد سەمعان ئاغا خواست و هیوای خۆی دەربڕی کە بە ڕێبازێکی گشتگیر و نیشتمانی خزمەت بکات.
هەروەها سەوسەن عەبدولواحید جەدو، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیشکی خستە سەر فرەلایەنەی کەرکووک و جەختی لەسەر گرنگی هەموو پێکهاتەکانی شارەکە کردەوە کە بە هاوئاهەنگی مامەڵە بکەن. جەدو بە ئاماژەدان بەوەی کە کەرکووک پێکهاتووە لە پێکهاتە جیاوازەکان بە پلەی یەکەم عەرەب و کورد و تورکمان پێکەوە دەژین، ئاماژەی بەوەدا کە هیچ پرۆسەیەکی سیاسی یان ئیداری بەبێ کۆدەنگی ڕاستەقینە و هاوبەشی کاریگەر ناتوانێت سەرکەوتوو بێت.
سەوسەن عەبدولواحید جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە قۆناغی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوکاری و هاوسەنگی و لێکتێگەیشتنی یەکتر لە قاڵب بدرێت و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی مامەڵە بکەن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و زیادکردنی متمانەی کۆمەڵایەتی.
هەردوو ئەندامی ئەجومەنی پارێزگا لە لێدوانەکانیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە ئەولەویەتی سەرەکی سەردەمی نوێ دەبێت خزمەتکردنی خەڵکی کەرکووک بێت، هەروەها تیشکیان خستە سەر پێویستی ڕێبازێکی حوکمڕانی گشتگیر و دادپەروەرانە کە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا بێت.