پەرلەمانتارانی بەرەی تورکمانی عێراقی لە کەرکووک پەیامی پیرۆزبایی جیایان لە هەژماری خۆیان لە سۆشیال میدیا سەبارەت بە هەڵبژاردنی محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی وەک پارێزگاری کەرکووک بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە ئەم پێشهاتە دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ گەلی تورکمان.
گولسەل محەمەد ئەندام پەرلەمانی عێراق، لە پۆستەکەیدا، گەڕانەوەی پارێزگاری کەرکووک بۆ خەڵکی تورکمان بە “دەسکەوتێکی مێژوویی” وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەوە ئەنجامی مافێکی لەمێژە چاوەڕوانکراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پێشهاتە دەرئەنجامی قوربانیدان و تێکۆشانی ساڵانێکە لەلایەن پێکهاتەی تورکمانەوە، هیوای سەرکەوتنی بۆ پارێزگاری نوێ ئاغا خواست.
لەلایەکی ترەوە ئەرشاد ساڵحی ئەندامی پەرلەمانی بەرەی تورکمانی، لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە سەردەمێکی نوێ لە کەرکووک دەستیپێکردووە. ساڵحی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پرۆسەیە بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان لە قاڵب دەدرێت، هەروەها جەختی لەسەر بەهێزکردنی چەمکی حوکمڕانی هاوبەش کردەوە.
ساڵحی هەروەها ڕایگەیاند، بەشداری هەموو پێکهاتەکان لە ئیدارەی کەرکووکدا گرینگە بۆ سەقامگیری و دادپەروەری، هەروەها بڕوای خۆی دەربڕی کە پێکهاتەی تورکمان ڕێبازێکی گشتگیر و یەکسانیخوازانە بۆ خزمەتگوزاری لەم پرۆسەیەدا نیشان دەدات.