وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، عێراق دەیەوێت پەیوەندییەكی باشی هەبێت لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان دوای دەستبەكاربوونی ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی کانونی دووەمی 2025، فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، عێراق لە هەوڵدایە گرووپە چەکدارەکان رازی بکات دەستبەرداری چەكەكانیان بن، چەك لە دەرەوەی دەوڵەت بە كارێكی قبوڵنەكراو تەماشا دەكرێت، هەروەها عێراق دەیەوێت پەیوەندییەكی باشی هەبێت لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان دوای دەستبەكاربوونی ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانی ڕابردوو مەحاڵ بوو گفتوگۆ لەبارەی چەكی گرووپەكان بكەین لە كۆمەڵگەكەمان، بەڵام ئێستا چیتر قبوڵ ناكرێت گروپی چەكدار هەبێت لە دەرەوەی دەوڵەت.
وتیشی، ئێستا زۆرێك لە سەركردە سیاسیەكان و حزبەكان باس لەو پرسە دەكەن، ئومێدەكەین بتوانین قەناعەت بە سەركردەكانی ئەو گروپانە بكەین چەكەكانیان دابنێن و ببنە بەشێك لە هێزی دەوڵەت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە ترسمان هەیە لە داعش، بۆیە لەپەیوەندیداین لەگەڵ لایەنی سووری، لەكۆتایدا بۆ ئەوەی سوریا سەقامگیربێت، پێویستە نوێنەری سەرجەم پێكهاتەكان بەشداری پرۆسەی سیاسی بكەن.