وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە لە هەفتەکانی ڕابردوودا بەهۆی ئەو ململانێ سەربازییەی ناوچەکە بەخۆیەوەی بینی کاریگەرییان بەسەرەوە بووە، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم پەیوەندییانە لە هیچ کاتێکدا نەپچڕاون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٧ی ئایاری ٢٠٢٦، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کاتی گەڕانەوەی بۆ وەزارەت دوای نوێکردنەوەی متمانە پێی، وتی: “هەندێک بابەت و کێشە هەن کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پێش پێکهێنانی حکومەتی عێراق ڕوویانداوە، کار بۆ چارەسەرکردنیان و بەهێزکردنی بەندەکانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهاندا دەکەین”.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ئایاری ئەم مانگە، دەنگی دا لەسەر پێدانی متمانە بە حکوومەتی زەیدی و کارنامەی وەزارییەکەی، بەجۆرێک دەنگی بە ١٤ وەزیر دا، لە کاتێکدا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و هۆشدارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەشدارپێکردنی گرووپە چەکدارەکان لە پێکهاتەی نوێی وەزارەتەکەدا، دەنگدان لەسەر ٩ وەزارەتی تری بۆ دوای پشووی جەژنی قوربان دواخست.