یەکەم وتاری سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق: قۆناغی داهاتوو قۆناغی کارکردن دەبێت

یەکەم وتاری سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق: قۆناغی داهاتوو قۆناغی کارکردن دەبێت

ئایار 16, 2026 14:59
یەکەم وتاری سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق: قۆناغی داهاتوو قۆناغی کارکردن دەبێت
0

لایک

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یەکەم وتاریدا دوای وەرگرتنی پۆستەکەی بەرنامە و کاری لەپێشینەی کابینەکەی ئاشکرا کرد، بەڵێنی دا قۆناغی داهاتوو قۆناغی کارکردن بێت بۆ چاکسازیی ئابووری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزاری.

ئەمڕۆ شەممە، ١٦ت ئایاری ٢٠٢٦، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە وتارێکدا بۆ گەلی عێراق بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە، سوپاسی پەرلەمان، لایەنە سیاسییەکان و مەرجەعییەتی باڵای ئایینی کرد بۆ پشتیوانییان، جەختی لەوەش کردەوە، رێگەی چاکسازی سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە.

عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، قۆناغی داهاتوو قۆناغی هاوبەشیی راستەقینە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان. ئەوەشی خستەروو، کاری لەپێشینەی کابینەکەیان دەستپێکردنی بەرنامەیەکی هەمەلایەنەی چاکسازیی ئابووری و داراییە بۆ بنیادنانی ئابوورییەکی بەهێز تاوەکوو پشت بە یەک سەرچاوە نەبەسترێت.

ئەوەشی خستەروو، بەرنامەکەیان پشت بە بووژاندنەوەی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری و وەبەرهێنان دەبەستێت بۆ ئەوەی وزە و تواناکانی ناوخۆ بخرێنە گەڕ.

سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیشی کردەوە، بە هەموو هێزێکەوە کار بۆ پاراستنی ماڵی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی دەکەن، چونکە رێگرە لە بەردەم گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی وڵات.

سەبارەت بە پەیوەندییەکان و ئاسایشی وڵات، عەلی زەیدی روونیشی کردەوە، کار بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەریی عێراق دەکەن، هەروەها پەیوەندییە عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیان لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش بەهێز دەکەن بۆ ئەوەی پێگەی عێراق لە ناوچەکەدا بپارێزرێت.

دەربارەی پرسی گەنجانیش، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی دا، دەرفەتی کار بڕەخسێنن و رێژەی بێکاری کەم بکەنەوە، لە رێگەی پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و هاندانی وەبەرهێنان.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، کەرتی پەروەردە و تەندروستی بەرەوپێش دەبەن و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک کارەبا، ئاو، رێگەوبان و نیشتەجێبوون دابین دەکەن، دوور لە بەڵێنی بێ بنەما.

En az 10 karakter gerekli