وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگهیاند، عێراق هەڵوێستی پتەوی خۆی بەرامبەر بە پرسی فەڵەستین دووپاتدەکاتەوە بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان، دهشڵێت، “داوا له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دهكهین بۆ هەنگاونان بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییە جدییەکان و گەڕاندنەوەی مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین”.
باسم ئەلعەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئهمڕۆ شهممه له بهیاننامهیهكدا باسی لهوهكردوه، “عێراق هەڵوێستی پتەوی خۆی بەرامبەر بە پرسی فەڵەستین دووپاتدەکاتەوە بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی تەواوی گەلی فەڵەستین، عێراق لە پاڵ گەلی فەڵەستیندایە و نادادپەروەری و دەستبەسەرداگرتنی ئەو مافانە ناتوانێت ئاشتییەکی بەردەوام بەرهەم بهێنێت”.
ئاماژهی بهوهشكردوكه، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەمڕۆ لەلایەن گەلی فەڵەستینەوە ئەنجامدرا، دەرئەنجامی سروشتی ئەو ستەم و چەوساندنەوە سیستماتیکەیە کە لە کۆنەوە لەسەر دەستی دەسەڵاتی داگیرکەری زایۆنیستی هاتوهته ئاراوه، کە هەرگیز پابەند نەبوە بە بڕیارنامە نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
وتەبێژی حکومەتی عێراق دهڵێت، “داوا له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دهكهین بۆ هەنگاونان بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییە جدییەکان و گەڕاندنەوەی مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین، کە هێشتا بەدەست داگیرکاری و سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی و گەمارۆدان و سەرپێچیکردنی شتە پیرۆزەکان و پێشێلکردنی بەها و بنەما مرۆییەکانەوە دەناڵێنێت”.
له بهیاننامهكهدا هاتووه، “هۆشداری دەدەین لە بەردەوامی پەرەسەندن لە ناو خاکی فەڵەستین، لەبەرئەوەی رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دەبێت، هەروەها داوا لە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی دەکەین بەپەلە کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتەکانی دۆخی مەترسیدار لە ناوچەکانی فەڵەستین”.
بهرهبهیانی ئهمڕۆ بزوتنهوهی حهماس هێرشی بۆ سهر ناوچهكانی ژێر دهسهڵاتی ئیسرائیل دهستپێكرد و پێنج ههزار موشهك ئاڕاستهی ئهو ناوچانه كران، ئۆپهراسیۆنهكهش لهژێر ناوی “لافاوی ئەلئەقسا”دا ئهنجامدرا، لهوهڵامیشدا سوپای ئیسرائیل ئۆپهراسیۆنی “شمشێری ئاسن”ی راگهیاند.
لایخۆیهوه هاوكات بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل له پهیامێكی ڤیدیۆید رایگهیاند، ئیسرائیل “لە شەڕدایە” و حەماس “باجێکی قورس دەدات” له بهرامبهر دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل.
وتیشی، “ئێمە لە شەڕداین، نەک ئۆپەراسیۆن، حەماس هێرشێکی لەناکاوی کوشتنی دژی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوڵاتیانی دەستپێکردوە، من پێش هەموو شتێک فەرمانمدا کە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو تیرۆریستانە پاکبکرێنەوە کە دزەیان کردبووە ناوەوە، دوژمن باجێک دەدات کە هەرگیز نهیبینیوه”.