سوودانی پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی دەکات

سوودانی پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی دەکات

نیسان 12, 2026 14:14
سوودانی پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی دەکات
0

لایک

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پیرۆزبایی لە نزار محەممەد سەعید ئامێدی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق. سوودانی ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە تەواوکەری پڕۆسە دەستوورییەکانە و ڕێزگرتنێکی گەورەیە بۆ ئیرادەی گەلی عێراق.

ئەمڕۆ شەممە ١١ی ٤ی ٢٠٢٦، محەممەد شیاع سوودانی لە پەیامێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، هەڵبژاردنی نزار ئامێدی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، ڕێڕەوی دیموکراسی لە وڵاتدا پتەوتر دەکات. وتیشی: “ئەمە گوزارشتە لە ڕێزگرتن بۆ ئیرادەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان کە لە ڕێگەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا دەریانبڕی.”

سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە کە دوای ئەم شایستە نیشتمانییە، ئێستا وڵات چاوەڕێی تەواوکردنی هەنگاوی داهاتووە، کە ئەویش پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانیی بەهێزە. ئامانجی ئەم حکومەتە نوێیە تەواوکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان، ئاوەدانی و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور.

سوودانی تیشکی خستە سەر ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان و ڕایگەیاند، دەبێت کار بکرێت بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکان. جەختیشی کردەوە کە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکان “قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا” دەبێت، تاوەکوو ڕێگری لە هەر مەترسییەک بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی وڵات و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان بگیرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی سەرۆکایەتی و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد بۆ بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە. هەروەها ستایشی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کرد بۆ پەرۆشییان لە پشتگیریکردنی شایستە دەستوورییەکان و ڕێزگرتن لەو کاتانەی کە یاسا و دەستوور بۆ پڕۆسە سیاسییەکان دیارییان کردووە.

En az 10 karakter gerekli