محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، کە بە پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردرا، ڕایگەیاند، تامەزرۆیی سەدەیەکە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکووک کۆتایی پێهاتووە و دەڵێت “ئێمە هاتووین بۆ خزمەتکردنی کەرکووک”.
ئاغا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە بینای پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، تامەزرۆیی نزیکەی ١٠٠ ساڵەی تورکمانەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکووک کۆتایی پێهاتووە.
ئاغا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان خزمەتکردنی هەموو کەرکوکییەکان بووە بەبێ جیاوازی و دەڵێت “ئێمە هاتووین بۆ خزمەتی کەرکووک”.
ئاغا بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ساڵانێکی زۆرە کەرکووک بەدەست جۆرەها چەوساندنەوە و سەختی و تیرۆرەوە دەناڵێنێت، ئاماژەی بەوەدا کە لە سایەی ئیدارەی نوێ، کەرکووک دەتوانێت چاوەڕوانی ڕۆژانی گەشاوەتر و سەقامگیرتر و باشتر بێت.
جەختی لەوە کردەوە کە قسەکانیان تەنها بە قسەکردن نامێنێتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە دەسەلمێنرێت، لەوانەش پڕۆژەکانی تەندروستی، پەروەردە، ئاسایش و ژێرخان.
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، دەستلەکارکێشانەوەی ڕێبوار تەها پارێزگاری پێشووی کەرکووک قبوڵکرا و ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی بە دەنگی ١٢ ئەندام لە کۆی ١٦ ئەندامی ئەنجومەن وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک هەڵبژێردرا.