هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری لەگەڵ پەروەردەی هەرێم بڕیاریاندا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ پرسی دامەزراندنی وانەبێژان پێکبهێندرێت و دوای ئامادەکردنی راپۆرتێکیش، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو پرسەوە دەدات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕۆژی دوشەممە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی وەزارەتی پەروەردەی کرد و لەلایەن دکتۆر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەو دکتۆر سەیوان فەرەج بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و ژمارەیەک لەبەڕێوبەرە گشتیەکانی وەزارەتەوە پێشوازی لێکرا.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە کێشەو گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بو لە هەرێمی کوردستان و پرسی دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست کە ژمارەیان 35 هەزار و 543 مامۆستای وانەبێژە و موچەی مانگانەیان زیاتر لە 13 ملیارو 700 ملیۆن دینارە.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دوای تاوتوێکردنی کێشەو گرفتەکانیان و لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە پێکبهێنرێت، بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست و دواتر بەرز بکرێتەوە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تا لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و بەپێی گۆڕانکاری لە دۆخی دارایی حکومەت بڕیاری پێویستی لەسەر بدرێت.
لای خۆشیەوە وەزیری دارایی ڕایگەیاند، “هەر لەسەرەتاوە هاوسۆزو پشتیوانی داواکاریەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و کەرتی پەروەردە بوم و هەرچی لەتواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناکەین”.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە چەند کێشەو داواکاریەکیان خستە بەردەم وەزیری دارایی کە خۆی لە داواکاری مامۆستایانی ڕاهێنەرو پێداویستیەکانی یەکەی سەرپەرشتیاری قوتابخانەکان و پێداویستیەکانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ دەبینیەوە، وەزیری دارایی بەڵێنیدا ئەو داواکاریانەی لە دەسەلاتی ئەواندایە بەزوترین کات جێبەجێ بکرێت.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، لای خۆشیانەوە وەزیری پەروەردەو بریکارو بەرپرسانی وەزارەت سوپاسی وەزیری داراییان کرد لەهەردەم پاڵپشت و هاوکارێکی دڵسۆزی کەرتی پەروەردەو وەزارەت بوە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست.