ئهمرۆ پێنجشەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، به میدیای پارتی ڕاگەیاند “ئەمڕۆ کاتژمێر 10:00 بە تیروپشک زەوی بەسەر سێ هەزار فەرمانبەری چوار وەزارەتدا دابەش دەکرێت.”
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەشڵێت: “ئێمە لە ڕابردوودا ڕامانگەیاندبوو دەبوو زووتر تیروپشکەکە بکرێت، بەلام بە هۆی کێشەی ئیداری و تەکنیکی نەمانویست کێشە ڕوو بدات، چونکە ئەو ناوانەی هاتبوونە لامان تێکەڵاو بووبوون، ئێستە ناوەکان جیا کراونەتەوە و ئەمڕۆ زەوی بەسەر فەرمانبەرانی چوار وەزارەتدا دابەش دەکرێت. ئەوانیش وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار، کاروباری کۆمەڵایەتیی، پەرلەمان، وەزارەتیی پلاندانانە.”
کارزان هادی ڕاشیگەیاند “لە قۆناغی یەکەمدا سێ هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران دیاریی کراوە و لە هەفتەی داهاتووشەوە تیروپشک بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕێی ئەوە دەکەین ناوەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتیی شارەوانیی، بۆ ئەوەی بتوانین تیروپشکیان بۆ بکەین.”
لە 16ی مانگی ڕابردووە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستان-عێراق دەستی پێ کردووە و یەکەم جار ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی ڕاگەیاند.
ڕووبەری ئەو زەوییەی بە هەر فەرمانبەرێک دەدرێت 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنیشی بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی و ساڵانی خزمەت و ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون دەبێت.