وەزارەتی دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، رۆژی سێشەممە، رێكەوتی ١١ـی ئابی ٢٠٢٥، میوانداری کۆبوونەوەیەکی سووریا – ئەمریکا دەکات بۆ تاوتوێکردنی پشتیوانی بۆ دیمەشق.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، شانشینی ئوردن، رۆژی سێشەممە میوانداری کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سووریا.
لە بەیاننامەیەکدا هاتووە: “شانشینی ئوردن، دوو سبەی سێشەممە، میوانداری کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی ئوردنی – سووری – ئەمریکی دەکات، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سووریا و رێگەکانی پشتیوانیکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا لەسەر ئەو بنەمایانەی کە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەرییەکەی مسۆگەر دەکەن، هەروەها وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلە دۆستەکەی بێت و مافی هەموو سووریاییەکان بپارێزێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا و تۆماس باراک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرسێ وڵات بەڕێوەدەچێت.
هاوكات ئەم کۆبوونەوەیە تەواوکەری ئەو گفتوگۆیانە دەبێت کە ١٩ی تەممووز لە عەممان لە نێوان ئەو دوو بەرپرسە سەبارەت بە پێکدادانە خوێناوییەکانی پارێزگای سوەیدای سووریا بەڕێوەچوو.