ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی ده‌ستیپێكرد
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی ده‌ستیپێكرد

ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی ده‌ستیپێكرد

نیسان 2, 2024 17:13
ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی ده‌ستیپێكرد
0

لایک

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حكوومەت و بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، ئەمڕۆ سێشەممە 2/4/2024 بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەیەكی فراوانی ئامادەكارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێكرد.

كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی یاسا و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانییەكان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەچوو.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا تیشكی خستە سەر گرنگیی بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی و ئاماژەی بەوە كرد دابەشكردنی زەی، وێڕای ئەوەی سوودی زۆری بۆ فەرمانبەران دەبێت، هاوكات كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووری و جووڵەی بازاڕ و گەشەپێدانی سنووری شارەوانییەكانیش دەبێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەبووانی كۆبوونەكەی راسپارد كە بەزووترین كات دەست بە ئامادەكارییەكانی دابینكردنی زەوی بكەن و لە كاتێكی دیاریكراودا ڕێكارەكان تەواو بكرێت بۆ ئەوەی ئەوانەی لە بڕیارەكەی حكوومەت سوودمەند دەبن ببنە خاوەن زەوی خۆیان. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە پێویستە ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران بزاندرێت و لەسەر ئەو بنەمایە زەوی دیاری بكرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە نەخشەی كەرتیی زەوییەكان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەر لە ئێستاوە دەبێت رەچاوی ماستەرپلانەكان بكرێت و لە نەخشەی كەرتی ئەو زەوییانەی دابەش دەكرێن، دەبێت پانی شەقامەكان و ناوچەی سەوزایی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و لایەنی شارسازی بایەخی تەواویان پێ بدرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد لە سنووری هەر ماستەرپلانێكدا ئەگەر زەوی بەردەست نەبوو دەبێت سنووری شارەوانییەكان فراوان بكرێن و زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت.  

پاشان ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە سەرنجی خۆیان سەبارەت بە شێوازی ئامادەكارییەكە و گرفتەكانیان خستەڕوو و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر دروستكردنی لیژنەی تایبەت لە سنووری شارەوانییەكان كردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بە خێرایی و بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت.

En az 10 karakter gerekli