بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی كە ناوچەكانی پارێزگای كەركوكی گرتوەتەوە، لە قەزای حەویجە لافاو دروست بوە و لە ئەنجامدا ژنێك گیانی لەدەستدا و دوو كەسی دیكەش بێسەروشوێنن.
میدیاكانی عێراق ئەمشەو لە زاری سەچاوەیەكی ئەمنیەوە لە پارێزگای كەركوك بڵاویانكردەوە، بەهۆی دروستبونی لافاوەوە لە ئەنجامی ئەو بارانە بە خوڕەی پارێزگای كەركوكی گرتوەتەوە، ژنێك لە ناوچەكانی قەزای حەویجە لافاو دەیبات و دوای گەڕان و پشكنین هێزەکانی بەرگری شارستانی تەرمی ژنەکەیان دۆزیوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هاوکات لە ئەنجامی ئەو لافاوانەی ناوچەكانی ناحیەی عەباسی سەر بە قەزای حەویجەی پارێزگای کەرکوکی گرتوەتەوە، دو کەس بێسەروشوێن بون، لەگەڵ ئەوەشدا لافاو 150 سەر ئاژەڵی بردووە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنیەكانی پارێزگای كەركوك، “هێزەکانی بەرگری شارستانی تەرمی ژنەکەیان دۆزیوەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ بەشی پزیشکی دادوەری لە نەخۆشخانەی گشتی حەویجە، هاوکات تیمەکانی فریاگوزاری چونەتە دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشیەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر حاڵەتێك لە ئەنجامی بارانبارینەکەدا دروستدەبێت”.