ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان-عێراق ڕایگهیاند، ئەو کەسەی ڕۆژی 1ـی ئهم مانگه هێرشی کردە سەر ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ لە دهۆک، “هەڵگری بیروباوەڕی تیرۆریستی سەر بە رێكخراوی تیرۆریستی داعشە” و دهستگیركراوه.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم له ڕاگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردووه، “لە ڕۆژی 1ـی 4ـی 2025، لە کاتێکدا کە خەڵکی پارێزگای دهۆک لە ڕێوڕەسمەکانی جەژنی ڕەمەزان و جەژنی ئەکیتۆ بوون، کەسێکی هەڵگری بیروباوەڕی رێكخراوی تیرۆریستی سەر بە داعش بە ئامێرێکی تیژەوە لە ناوبازاڕ هێرشی کردە سەر هاوڵاتییان و دوو کەسی بریندارکرد”.
ئاماژهی بهوهشكردووه، دەستبەجێ هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک کەسی هێرشبەریان دەستگیر کرد کە خەڵکی سوریایە.
له ڕاگهیهندراوهكهدا هاتووه، لێکۆڵینەوە لە سەر بابەتەکە بەردەوامە و لە دوای کۆتاییهاتنی، دەرەنجامەکان بۆ هاووڵاتییان و ڕای گشتی ڕادەگەیەنین.
جەژنی ئەکیتۆ، یان “جەژنی سەری ساڵی بابلی- ئاشوری”، ماوەی 12 رۆژ دەخایهنێت و له 1ـی نیسانی ههموو ساڵێك دهستپێدهكات، وەکو نەریتێک ساڵانە فێستیڤاڵ و چالاکی جیاواز بەڕێوەدەچن، سەما و هەڵپەڕکێ، هاوشێوەی جەژنی نەورۆز، گەشت و سەیرانیشی تێدایە.