دەسەڵاتدارانی ئوردن لە دوای 80 ساڵ لە دان بەخۆداگرتن و پاشان ڕووبەڕووبوونەوە، ئیخوان موسلیمینیان هەڵوەشاندەوە و بە نایاسایی لە قەڵەمیان دا.
مازن فرایە، وەزیری ناوخۆی ئوردن لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە عەممان ڕایگەیاند، “سەرجەم چالاکییەکانی ئیخوان موسلیمین قەدەغە کراون.” جەختیشی لەوە کردەوە کە هەر چالاکیەکی پەیوەست بەو گرووپە بە پێشێلکردنی یاسا دادەنرێت.
ئیخوان موسلیمین، هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بڕیارە نەداوە، بەڵام قۆڵە سیاسییەکەی، بەرەی ئیسلامی، کە دەیان ئەندامی پەرلەمانی هەیە، ڕایگەیاند، “بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ڕۆڵی نیشتمانی خۆی وەک پارتێکی سیاسی ئوردنی، بە تەواوی سەربەخۆ لە هەر قەوارەیەکی دیکە.”
وەزیری ناوخۆی ئوردن جەختی لەوە کردەوە، ئەندامێتی لە ئیخوان موسلیمیندا قەدەغەیە، هەروەک چۆن بەرەوپێشبردنی بیرۆکەکانی قەدەغەیە. دووپاتی کردەوە، بڕیار دراوە هەر فەرمانگەیەک یان بارەگایەک کە لەلایەن ئیخوانەکانەوە بەکار دەهێنرێت لە سەرانسەری شانشینیدا دابخرێت، تەنانەت ئەگەر بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەشدا بن.
مازن فرایە، هۆشداری دا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئیخوانەکان و ڕایگەیاند، بڕیار دراوە هێزە سیاسییەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەکارهێنەرانی سۆشیالمیدیا و کۆمەڵەکان، لە بڵاوکردنەوەی هەر شتێک کە پەیوەندی بە ئیخوانەوە هەبێت، قەدەغە بکرێن، ئاماژەی بەوەش کرد، کاری لیژنەی هەڵوەشاندنەوە کە ئەرکی دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سەروەت و سامانی گرووپەکەی پێسپێردراوە، خێراتر دەبێت.
هەفتەی ڕابردوو دەزگا ئەمنییەکانی ئوردن 16 کەسیان تۆمەتبار کرد بە بەشداریکردن لەو دۆسیەیەی لە میدیاکاندا بە بە ئاژاوە گێری ناسراوە. ڕایانگەیاند، “پلانەکان بریتی بوون لە: دروستکردنی مووشەک بە بەکارهێنانی ئامرازە ناوخۆییەکان، هەڵگرتنی تەقەمەنی و چەکی ئاگرین، شاردنەوەی مووشەکێک کە ئامادەیە بۆ بەکارهێنان، هەروەها پرۆژەیەک بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، جگە لە دامەزراندنی و ڕاهێنانی تاکەکان لەناو وڵاتەکەدا و مەشق و ڕاهێنان لە دەرەوەی وڵات.”