محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بیشر ھانی خەساونە، سەرۆکوەزیرانی ئوردن ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێکرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد حەلبوسی پێشوازیی کردووە لە بیشر ھانی خەساونە سەرۆکوەزیرانی ئوردن.
راشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگی جێبەجێکردنی رێککەوتننامە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئوردن کە لە بوارەکانی ئابووریی و وەبەرھێنانەدا واژوو کراون، کراوەتەوە.
باسی لەوەیشکردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئوردن لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددەی ھۆشبەر تاوتوێکراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی ھەماھەنگییەکانی نێوان ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن لەسەر ئاستی عەرەبی، ھەرێمیی و نێودەوڵەتییدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە کە پاڵپشتی لە ھاریکاریی و ھەماھەنگیی ستراتیجیی نێوان ھەردوو وڵات دەکەن، ھەروەھا ستایشی رۆڵی عەبدوڵڵای دووەمی شای ئوردن، کردووە بۆ پتەوترکردنی ھاریکارییەکانی ئوردن لەگەڵ عێراق.
لای خۆیەوە بیشر ھانی خەساونە، سەرۆکوەزیرانی ئوردن پەرۆشی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ پتەوترکردنی ھاریکارییەکانی لەگەڵ عێراق لەسەرجەم بوارەکاندا.