مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان لەم شەڕە بپارێزن. گوتیشی، “هەندێ لایەنی تیرۆریست هەولێر (ئەربیل)یان کردووەتە ئامانج”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر (ئەربیل) وتی، “هەندێ لایەنی لە یاسادەرچوو و تیرۆریست هەولێریان کردووەتە ئامانجی خۆیان، دڵنیابن ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین خەڵکی کوردستان پارێزراو بن و دووربن لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەک”.
داوایشی لە حکومەتی عێراق کرد “رێگە لەم تیرۆریستانە بگرێت” چی دیکە هەرێمی کوردستان-عێراق نەکەنە ئامانج.
مەسرور بارزانی لەبارەی مووچە و دۆخی کارەباش قسەی کرد. سەرۆکوەزیران وتی، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی کێشەی مووچە چارەسەر بکەن و سوپاسی پشوودرێژیی خەڵکیشی کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق ئاماژەی بەوە کرد، “هەوڵی جیدییمان دا بۆ ئەوەی ئەم ساڵ کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین بکەین، لەسەر ئەو بەڵێنەمان بەردەوامین و جێبەجێی دەکەین”.
بەڵام باسی لەوە کرد، “دوای ئەو شەڕەی دروستبووە و ئەو پەلامارانەی کراونەتە سەر کێڵگەکانی نەوت و گاز، بەشێک لە کۆمپانیاکان بۆ خۆپارێزی بەرهەمەکانی خۆیان کەم کردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبا، ئەمەش کاتییە و هیوادارین بارودۆخەکە ئاسایی بێتەوە”.
سەرۆکوەزیران داوای لە خەڵک کرد “هیوادارم پشوودرێژ بن و تێبگەن، ئەمەی روویداوە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە بووە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین کەمترین زیان بە خەڵکی کوردستان بکەوێت”.