نووسینگەی ڕاگەیاندی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یازدەیەمین دانیشتنی خۆی ئەنجامدا و تێیدا جەختی لە ڕەتکردنەوەی بڕیاردەرانەی بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هەر کارێکی دوژمنکارانە دژ بە وڵاتانی دراوسێ کردەوە. دەشڵێت: “ڕێوشوێنی یاسایی دەگرینەبەر بۆ داخستنی ئەو سایت و پلاتفۆرمانەی سۆشیاڵ میدیا کە پڕوپاگەندە و فیتنە بڵاودەکەنەوە”.
نووسینگەی ڕاگەیاندی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبوسی، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٧ی ئاداری ٢٠٢٦، یازدەیەمین دانیشتنی خۆی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە فەرماندە ئەمنییەکان ئەنجامدا، تێیدا گوێبیستی ڕاپۆرتێکی ورد سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیان لەسەر عێراق بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنەکە بە توندی سەرکۆنەی هەموو ئەو هێرشانەی کرد کە سەروەریی عێراق و پێگەی هێزە ئەمنییەکان دەکەنە ئامانج، هەروەها جەختی لە ڕەتکردنەوەی بڕیاردەرانەی بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هەر کارێکی دوژمنکارانە دژ بە وڵاتانی دراوسێ کردەوە و ڕایگەیاند کە ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادرێت عێراق پەلکێشی ناو ململانێ هەرێمییەکان بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، لە درێژەی دانیشتنەکەدا، پەرلەمان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت و هێزە چەکدارەکان دەربڕی بۆ پاراستنی سنوورەکان و دابینکردنی ئاسایشی نێردە دیپلۆماسییەکان، هاوکات داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانییەکان کرد هەنگاوی پێویست بنێن بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکان و ڕێزگرتن لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان لە تەواوکردنی ئیستحقاقە دەستوورییەکان، لەوانەش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی یەکڕیزیی نیشتمانی، لە ئەستۆ بگرن.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، پەرلەمان چەند بڕیارێکی گرنگی دا، لەوانەش پابەندکردنی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بۆ داخستنی ئەو سایت و پلاتفۆرمانەی سۆشیاڵ میدیا کە پڕوپاگەندە و فیتنە بڵاودەکەنەوە و هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەکەن. هەروەها بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر سەروەریی نیشتمانی و هێزە ئەمنییەکان ئەنجامدراون، هاوکات ئەنجومەن پاڵپشتیی خۆی بۆ بەیاننامەی “ئیدارەی دەوڵەت” دەربڕی و جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی نیشتمانی لەم قۆناغە هەستیارەدا کردەوە.