ئیسحاق هێرزۆگ سه‌رۆك كۆماری ئیسرائیل، هێرشه‌كه‌ی ئێرانی بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی به “ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕ” وه‌سف كرد و رایگه‌یاند، ئێمه له‌گه‌ڵ شه‌ڕدا نین و به‌دوای ئاشتیدا ده‌گه‌ڕێین.
ئیسحاق هێرزۆگ ئه‌مڕۆ له لێدوانێكدا كه‌ناڵی سكای نیوزی بریتانیا رایگه‌یاندوه، “شه‌وی رابردوو له چوار قۆڵه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هێرشكرایه سه‌رمان و بۆردومانه‌كه‌ش له‌لایه‌ن ئێران و بریكاره‌كانیه‌وه به موشه‌ك، بالیستیك فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و موشه‌كی كروز ئه‌نجامدرا، ئه‌مه‌ش له شه‌ڕێكی راسته‌قینه ده‌چێت”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “هه‌میشه گوێ له هاوپه‌یمانان و هاوبه‌شه‌كانمان ده‌گرین و رێز له دیدگاكه‌یان ده‌گرین، هه‌مو ئه‌و بژاردانه ده‌كۆڵینه‌وه كه له‌به‌رده‌ستماندان، هه‌موو شتێكی پێویستیش بۆ پاراستنی هاوڵاتیانمان ده‌كه‌ین”.
وتیشی، “ناچمه ناو ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه ئێستا ده‌گیرێته‌به‌ر، به‌ڵام ئێمه به‌دوای شه‌ڕدا نین و له‌گه‌ڵ ئاشتیداین، پێویستیشه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رووبه‌ڕووی ئێران ببێته‌وه بۆ ئه‌و سیاسه‌ته ناسه‌قامگیره‌ی له‌ناوچه‌كه په‌یڕه‌وی ده‌كات”.
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، “كاتی ئه‌وه هاتووه جیهان ئاوڕێك له رووخساری ئیمپراتۆریه‌تی خراپه‌كاری تاران بدات و به روونی به ڕێژیمی ئێران بڵێت كه ئه‌مه ته‌حه‌مول ناكرێت”.
شه‌وی یه‌كشه‌ممه ئێران هێرشێكی ئاسمانی بۆ سه‌ر ئیسرائیل ده‌ستپێكرد، ئه‌مه‌ش دوای چه‌ند رۆژێك له بۆردومانی ئیسرائیل بۆسه‌ر كونسوڵخانه‌ی تاران له دیمه‌شق.