لە درێژەى سەردانەکەی وەزیری خوێندنی باڵا بۆ وڵاتى تورکیا، ژمارەیەکی دیکەى زەمالەى خوێندن پێشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستان کرا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاندووە، لە درێژەى سەردانەکەیدا بۆ وڵاتى تورکیا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى دامەزراوەى تورکانی دەرەوە و کۆمەڵگە ناسیاوەکان (YTB) کۆبوونەوە، کە ئەم دامەزراوەیە زەمالەی خوێندن بۆ فێرخوزان لە تەواوى وڵاتانى دونیا دابین دەکات، بڕیاریش درا دامەزراوەکە ژمارەیەکی دیکەى زەمالەى خوێندن پێشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستان بکات.
رۆژی چوارشەممە، د. ئارام محەمەد، قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە ئامادەبوونی ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان و بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئیرن، سەرۆکى دامەزراوەى (YTB) و بەرپرسانى دیکەى دامەزراوەکە کۆبووەوە، کە ئەم دامەزراوەیە پێشتر چەندین زەمالەى خوێندنى بە فێرخوازان لە هەرێمى کوردستان بەخشیوە.
لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا سوپاسى دامەزراوەى (YTB) کرد و کارەکانى بەرز نرخاندن، هەروەها سوپاسیشی کردن بۆ رەخساندنى دەرفەتەکانیان بۆ هەرێمى کوردستان، چونکە ئەو فێرخوازانەى لە رابردوو لەم زەمالە سوودمەند بوونە، لە ئێستادا گەڕاونەتەوە و لە دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان خزمەت پێشکەش دەکەن، داواشى کرد زەمالەى خوێندنی زیاتر بۆ قوتابییان و خوێندکارانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان دەستەبەر بکەن.
لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکى دامەزراوەکە رایگەیاند، کە زەمالەکانی خوێندن بۆ هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکرێن، لەسەر سێ ئاست لە رێگەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمەوە، کورسى خوێندن دەبەخشرێتە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمى کوردستان، بەشێکیان بۆ فەرمانبەرانى حکومەت، بەشیکی تریش بۆ مامۆستایانى زانکۆ، هەروەها بەشێکی دیکەش تایبەت دەبێت بە راهێنانى دیپلۆماتکاران.
وتیشى؛ ئێمە ئەم زەمالانەى پێشکەش بە وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان دەکرێن، بە چاودێریى راستەوخۆى وەزیری خوێندنى باڵا، دەچنە بواری جێەجێکردنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پرۆتۆکۆڵى لێکتێگەیشتنى هاوبەش لە نێوان هەردوولا واژۆ دەکرێت.