فڕۆکەیەكی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان بە 67 سەرنشینەوە تێکشکا و بەهۆیەوە 38 کەس گیانیان لەدەستدا. ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک كۆماری ئازەربایجان ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، فڕۆکەکە لەلایەن رووسیاوە خراوەتە خوارەوە.
رۆژی شەممە کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا ڕایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان لەبارەی رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پووتین بە عەلیێڤی وتووە، “فڕۆکەکە چەند جارێک هەوڵیدا لە گرۆزنی بنیشێتەوە، بەڵام لەو کاتەدا شارۆچکەکە و شارۆچکەکانی مۆزدۆک و ڤلادیکاڤکاز لەژێر هێرشی درۆنەکانی ئۆکراینا دا بوون، سیستمی بەرگریی رووسیاش وەڵامی هێرشەکانی دەدایەوە”.
کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، “ڤلادیمیر پووتین داوای لێبووردنی لەسەر ئەو رووداوە کرد، هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری مردووان پێشاندا و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست”.
رۆژی 25ـی كانوونی یەكەمی 20224، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئازەربایجان، نزیک شاری ئاکتاوی کازاخستان بە 67 سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە، رووداوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 38 کەس.