سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی قەیرانی جەنگیی نێوان رووسیا و ئۆکراینا رایگەیاند، “ئامانجمان ئەوەیە پوتین و زێلێنسکی بەیەک بگەیەنین و سەرجەم قەیرانەکان لە ریشەکێش بکەین.
دوا بە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد و ئاماژەی بە دواهەمین پێشهاتەکان دا. ئەردۆغان لەبارەی قەیرانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا وتی، “شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بۆ وڵاتی ئێمە و بەهەمان شێوە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی کاریگەریی هەیە. هەموو لایەک شایەدی ئەوە دەدەن کە وەکو تورکیا هەوڵ دەدەین پێشی شەڕ بگرین و دواتر هەمو هەوڵەکانمان بدەین بۆ دەستپێکردنەوەی ئاشتی”.
ئەردۆغان وتیشی، “لە سۆچی دیدارێکم لەگەڵ بەڕێز پوتین ئەنجامدا و باسمان لە هەموو بەندەکانی جەنگی ئۆکراینا کرد. دواتر هەفتەی رابردوو لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ زێلێنسکی ئەنجامدا. ئامانجمان، بەیەکگەیاندنی پوتین و زێلێنسکی ـە لە تورکیا بۆ ئەوەی قەیرانەکە ریشەکێش بکەین”.