بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان-عێراق، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و ئاماژە بە کۆتاییهاتنی کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانە دەکات کە ڕووی لە ناوچەکە کردبوو.
کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی ئەمڕۆ سێشەممەی خستەڕوو و ڕایگەیاند: ئاسمانی هەرێم بە گشتی نیمچە هەور دەبێت. لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا، پێشبینی تاوەبارانی کورتخایەنی بەهاری لە ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری بەشێک لە قەزا و ناحیە شاخاوییەکان دەکرێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ئەگەری بارانبارین زیاتر دەبێت، هەروەها لە سەنتەری پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی ئەگەری نمەباران و هەروبروسکە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا هەیە. پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ کەمێک نزم دەبنەوە.
سەبارەت بە سبەی چوارشەممە، کەشناسی هەرێم دەڵێت؛ ئاسمانی ناوچەکە بە گشتی لە ساماڵ و پەڵەهەورەوە بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت. ئەگەری دابارین لە ناوچە شاخاوییەکان بە شێوەی گەواڵەبارانی بەهاری بەردەوام دەبێت. پێشبینیش دەکرێت دابارین بە شێوەیەکی ناڕێک بێت، بە جۆرێک لە ناوچەیەک باران ببارێت و لە ناوچەیەکی تر بێ باران بێت. پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان کەمێک بەرز دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی چوارشەممە بە پلەی سیلیزی:
هەولێر(ئەربیل): ٢٢پلە
سلێمانی: ١٩پلە
دهۆک: ٢٠پلە
کەرکووک : ٢٣پلە
هەڵەبجە: ٢٢پلە
چەمچەماڵ: ٢٢پلە
زاخۆ: ٢١پلە
سۆران: ٢٠پلە
حاجی ئۆمەران: ١٣پلە