ڕۆژنامەی “ئیسرائیل هیۆم” ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، تاران ڕازی بووە ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی لەبەردەستیدایە ڕادەستی بکات، هەروەها نەرمی نواندووە لە پرسی پشتگیریکردنی بریکارەکانی لە ناوچەکە و کردنەوەی گەرووی هورمز، ئەوەش پێش دەستپێکردنی ئەو دانوستانانەی بڕیارە لەگەڵ واشنتن لە پاکستان بەڕێوەبچێت.
ئیسرائیل هیۆم لە زاری سێ سەرچاوەی دیپلۆماسی ئەمریکی و ناوچەییەوە بڵاویكردەوە، ئێران ڕازی بووە تەواوی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی هەیەتی ڕادەستی بکات، هەرچەندە هێشتا ڕون نییە کێ وەریدەگرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە کە بژاردە بەردەستەکان بریتین لە ڕووسیا، کە ئامادەیی خۆی بۆ ئەوە دەربڕیووە، یان ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، کە دەبێت شوێنێک بۆ کۆگاکردن و چارەسەرکردنی یۆرانیۆمەکە دیاری بکات، یان خودی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکییەکان داوای بەشداریکردن دەکەن لە پڕۆسەی دیاریکردنی شوێنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، بەڵام ئێران هێشتا ڕەزامەندی لەسەر ئەوە نیشان نەداوە و تەنها ئامادەیە ڕێگە بە کارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بدات ئەو کارە بکەن.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەم پێشکەوتنە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکییەکان و ئێران لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا، سەرچاوەی ئەو گەشبینییەیە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیشانیداوە، بەڵام هێشتا چەندین ناکۆکی جەوهەری لە ئارادان.
باسی لەوەشکردووە کە ناکۆکییەکان لە ئێستادا پەیوەستن بە پڕۆژەی موشەکی ئێرانەوە، چونکە سوپای پاسدارانی ئێران گفتوگۆکردن لەسەر هەر سنوردارکردنێکی پڕۆژەکە ڕەتدەکاتەوە، هەروەها پرسی پشتگیریکردنی تاران بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەكە، ئێران نەرمی نواندوە سەبارەت بە پشتگیریکردنی بریکارەکانی و باسی لەوەکردوە کە لەم پرسەدا پێشکەوتن بەدەستهاتووە، چونکە تاران داوای پێشکەشکردنی هاوکاری ناسەربازی بۆ ئەو گرووپانە دەکات، وەک دوبارە بونیادنانەوەی ماڵی ئەندامانی حزبوڵا لە لوبنان.
لە بەرامبەردا، واشنتن ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئازادکردنی نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا، بە مەرجێک بۆ مەبەستی مەدەنی بەکاربهێنرێن، لە کاتێکدا تاران پێی وایە ئەم بڕە پارەیە بەس نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییە مادییە زۆر بەپەلەکان، و پرسی سەرپەرشتیکردنی خەرجکردنی ئەم پارانە ڕەتدەکاتەوە.
سەبارەت بە گەروی هورمز، وا دیارە ئێران سوورە لەسەر پاشەکشەکردن لە داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی ڕەسمی تێپەڕبون (باج)، بەڵام بەهۆی دژایەتی بەرپرسە باڵاکانی سوپای پاسداران، مەرجی کردنەوەی گەروەکە بە هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی هاوتەریب گرێدەدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەگەر گفتوگۆکانی پاکستان لەسەر ڕێچکە نەرمەکەی ئێران بەردەوام بن، ئەوا ویلایەتە یەکگرتوەکان درێژکردنەوەی ئاگربەست ڕادەگەیەنێت بۆ ئەوەی ڕێگە بە تەواوکردنی دانوستانەکان بدات.
ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو خولێکی نوێی “دانوستان” بەڕێوەدەچێت. پێشتر هۆشداری دابو کە ئەگەر ئێران لەسەر ڕێککەوتنێک ڕازی نەبێت، وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران “لەناودەبات”. لەكاتێكدا ڕێککەوتنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئێران بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی بێت، درێژ ناكاتەوە و بۆمبارانكردن دەسپێدەكاتەوە.
هەرچەندە ئاگربەستەکە تا ڕادەیەکی زۆر جێگیر بووە، بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوودا گرژییەکان زیادیانکردوە دوای ئەوەی ئێران اە بڕیاری خۆی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پاشگەزبووەوە، بەو پاساوەی کە گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی، پێشێلکردنی ئاگربەستەکەیە.