یسرائیل کاتز: هەرگیز بە تەواوەتی غەززە چۆڵ ناکەین و لە سووریاش پاشەکشە ناکەین

یسرائیل کاتز: هەرگیز بە تەواوەتی غەززە چۆڵ ناکەین و لە سووریاش پاشەکشە ناکەین

كانونی یه‌كه‌م 23, 2025 17:54
یسرائیل کاتز: هەرگیز بە تەواوەتی غەززە چۆڵ ناکەین و لە سووریاش پاشەکشە ناکەین
0

لایک

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سیاسەتی داهاتووی حکوومەتەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی هەرگیز بە تەواوەتی کەرتی غەززە چۆڵ ناکات و لە خاکی سووریاش پاشەکشە ناکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، دووپاتی کردەوە حکوومەتی وڵاتەکەی “حکوومەتی ئۆردووگاکانە” و بەو پێییش پلانیان هەیە لە باکووری کەرتی غەززە ئۆردووگای نیشتەجێبوون دروست بکەن، بۆیە بژاردەی کشاندنەوەی تەواوەتی هێزەکانیان لەو کەرتە لە ئارادا نییە.

سەبارەت بە دۆخی کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتەکەیان شەرم لەوە ناکات ئەگەر پێویست بکات و لە کاتی گونجاودا، سەروەریی ئیسرائیل بەسەر کەناری ڕۆژئاوادا بسەپێنێت.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بوونی هێزەکانیان لە خاکی سووریا، کاتز هەڵوێستێکی توندی نیشاندا و ڕایگەیاند: یەک ملیمەتر لە خاکی سووریا پاشەکشە ناکەین و لە شوێنی خۆمان دەمێنینەوە، چونکە متامانەمان بە هیچ هێزێک نییە کە هاووڵاتییانمان بپارێزێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.

En az 10 karakter gerekli