ئەمڕۆ سێشەممە، ٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، بەداخەوە بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە، دوو هاووڵاتی لە ناحیەی شۆڕش-ی سەر بە قەزای چەمچەماڵ گیانیان لەدەست دا و زیانی ماددیش بەر ماڵی هاوڵاتییان و قوتابخانە و فەرمانگەکانی حکوومەت کەوتووە.
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازم.
وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئیدارەی خۆجێییم ڕاسپاردووە کە بەهانای لێقەوماوانەوە بچن و هەر هاوکاری و یارمەتییەک پێویست بێت، پێشکەشیان بکەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان