سوپای ئیسرائیل: لە ڕەفەح زیاتر لە ٤٠ چەکدارمان لە نێو تونێلێکدا کوشتووە

سوپای ئیسرائیل: لە ڕەفەح زیاتر لە ٤٠ چەکدارمان لە نێو تونێلێکدا کوشتووە

كانونی یه‌كه‌م 1, 2025 10:25
سوپای ئیسرائیل: لە ڕەفەح زیاتر لە ٤٠ چەکدارمان لە نێو تونێلێکدا کوشتووە
0

لایک

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکەوە بۆ سەر تۆڕی تونێلەکانی کەرتی غەززە، دەیان چەکداری بزووتنەوەی حەماسیان کوشتووە، کە لە نێویاندا فەرماندەی کەتیبەی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح و کوڕی ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری حەماس هەن. 

ڕۆژی یەکشەممە سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لەو ناوچانەی لە باشووری کەرتی غەززە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندان، ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر تونێلەکان چڕ کردووەتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٤٠ چەکداریان کوشتووە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش داوە، ماوەی ٤٠ ڕۆژە هێزەکانیان هەوڵەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح چڕ کردووەتەوە، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێڕەوی تونێلانەی کە هێشتا لە ناوچەکەدا ماون و لەناوبردنی ئەو چەکدارانەی تێیدا خۆیان حەشار داوە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی سوپا، لەو ماوەیەدا دەیان دەرچەی تونێل و ژێرخانی سەربازیی بزووتنەوەکە لە سەرووی زەوی و ژێر زەوی لەناوبراون.

ئەم بەیاننامەیە دوای ئەوە هات کە پێشتر سوپای ئیسرائیل کوژرانی ٤ چەکداری ڕاگەیاندبوو کە شەوی ڕابردوو لە تونێلەکانی ڕەفەح هاتبوونە دەرەوە.

لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی “تایمز ئۆڤ ئیسرائیل” بڵاوی کردەوە، لەنێو کوژراوەکاندا فەرماندەی کەتیبەی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحی سەر بە بزووتنەوەی حەماس و جێگرەکەی بوونیان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی بزووتنەوەی حەماس کوژرانی عەبدوڵڵا حەمەدیان لە ڕەفەح پشتڕاست کردەوە، کە دەکاتە کوڕی غازی حەمەد، سەرکردەی دیاری حەماس و ئەندامی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەکە.

هاوکات محەمەد حەمەد، هەواڵی کوژرانی عەبدوڵڵای برای بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ناوبراو لەکاتی گەمارۆدان و پێکداداندا لەنێو تونێلەکانی ڕەفەح کوژراوە.

En az 10 karakter gerekli