وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، سێ ملیۆن 400 هەزار تەن گەنمیان لە جوتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق وەرگرتووە، لە رۆژی 10ـی ئەم مانگەوە گەنمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرن.
حەیدەر نوری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕاگەیاند، وەزارەتی بازرگانی پێشبینی دەکات بەرهەمی وەرگیراوی ئەمساڵ بگاتە چوار ملیۆن نیو بۆ پێنج ملیۆن تەن گەنم، تاوەکو ئێستا سێ ملیۆن 400 تەن گەنم وەرگیراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست کۆتایی هاتووە، تەنها لە چەند ناوچەیەک نەبێت کە بەهۆی چاوەڕوانی بارهەڵگرەکانەوە وەرنەگیراوە، كە بەوهۆیەوە ئەگەری هەیە وادەی وەرگرتنی گەنم تا 9ـی ئەم مانگە نوێ بکەنەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بارزگانی باسی لەوەشكرد، لە ئێستادا وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی بەغداد، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە، کەرکووک و نەینەوا بەردەوامە، لە هەمانکاتدا هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم، لە رۆژی 10ـی حوزەیرانی دەستدەکەن بە وەرگرتنی گەنم.
ئەوەشیخستەڕوو، وەزارەتی بازرگانی بە زیادکردنی توانای کۆگاکردن، ئامادەکاری تەواوی بۆ وەرزی دروێنە کردووە، بۆ ئەمساڵ سێ ملیۆن و 400 هەزار تەن وەرگیراوە، دوو ملیۆن تەنی ساڵی رابردووش ماوە، ئەوەش بەشی خۆژێنی دەکات.
حەیدەر نوری گەرعاوی روونیشی كردووە، پارێزگاری بەسرە پڕۆسەی وەرگرتن كۆتایی هاتوە و ئەمڕۆ دادەخرێت، بەو بڕە كە وەرگیراوە دەگاتە 48 هەزار تەن، لەکاتێکدا پارێزگاری واست كە تائێستا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە بەبڕی 543 هەزار تەن وەرگیراوە و هێشتا وەرگرتن لەوێ بەردەوامە.