سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هیندستان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان “فەرمانی وەڵامدانەوە”ی داوەتە سوپای هیندستان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشێکی هەفتەی ڕابردوو كە لە کشمیر ئەنجامدراوە، دوای ئەوەی نیودەلهی، پاكستانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت هێرشەکەوەیە.
ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمڕۆ سێشەممە لەزاری سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هیندستانەوە بڵاویكردەوە، نارێندرا مۆدی لە کۆبونەوەیەکی داخراودا دڵنیایی داوەتە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنییەکان کە “هیندستان بەنیازە گورزێکی كاریگەر لە تیرۆر بدات”.
ئاماژەی بەوەشكردوە، “هێزە چەکدارەکان ئازادییەکی تەواویان هەیە لە کارکردن بۆ دیاریکردنی شێواز و ئامانج و کاتی وەڵامدانەوەمان بەرامبەر بە هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە کشمیر”.
لایخۆیەوە خواجە محەمەد ئاسیف، وەزیری بەرگری پاکستان ڕایگەیاندبوو، ئامادەبوونی هێزی زۆری سەربازی لەسەر سنورەکانی لەگەڵ هیندستان ڕاگەیاند، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێرشی سەربازی هیندستان لە ئارادایە.
وەزیری بەرگری پاکستان وتی، “پێویستە هەردو وڵات خۆیان لە بەکارهێنانی بژاردەی ئەتۆمی لە ئەگەری ڕوودانی شەڕی چەکداری ئاسایی خۆیان بەدور بگرن”.
ئاسیف لە چاوپێکەوتنێکدا لە ئۆفیسی خۆی لە ئیسلام ئاباد بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند “ئێمە سنورەكانمان بەهێزتر کردووە، چونکە ئێستا شەڕ نزیکە، بۆیە لەم دۆخەدا دەبێت هەندێک بڕیاری ستراتیژی بدرێت و ئەو بڕیارانەش پێشتر دراون”.