سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ تەواوی هاوپەیمانەکانیان، لەسەر ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێ ڕێککەوتوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ـی نیسانی ٢٠٢٦، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە پەیامێکدا رایگەیاند، رێککەوتنی ئاگربەستەکە تەواوی ناوچە و بەرەکانی جەنگ دەگرێتەوە، بە تایبەتیش ئاماژەی بە لوبنان و شوێنەکانی دیکە کردووە. جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە لە ساتەوەختی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەیەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دەوەستێنرێن.
شەهباز شەریف بانگهێشتی فەرمیی شاندەکانی واشنتن و تارانی کرد بۆ ئەوەی ڕۆژی هەینی، ١٠ـی نیسانی ٢٠٢٦، لە شاری ئیسلام ئاباد ئامادە بن. ئامانج لەم کۆبوونەوانە، کە بە “دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد” ناوزەند کراوە، گفتوگۆکردنی ڕاستەوخۆیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی تەواوی ناکۆکییەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگ بە شێوەیەکی یاسایی.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە گەرمی پێشوازی لەم هەنگاوە کرد و ستایشی دانایی و تێگەیشتنی سەرکردایەتیی هەردوو وڵاتی کرد. ڕایگەیاند: “هەردوولا ئاستێکی بەرزی ژیرییان نیشاندا و بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە بەشدار بوون بۆ سەرخستنی دۆزی ئاشتی و سەقامگیری”. هیواشی خواست کە ئەم دانوستانانە ببنە مایەی دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوام و ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چاوەڕوانی هەواڵی ئەرێنیی زیاترن.