ماجید قەسبی، وەزیری بازرگانی سعوودیە پێشنیارێکی بۆ دامەزراندنی هێڵی ئاسنین لە دەریای سوورەوە بۆ عێراق ئاشکرا کرد .
ماجید قەسبی لە وتارێکدا لە چوارچێوەی بەڕێوەچونی کۆڕبەندی ئابوری سعوودیە-عێراق رایگەیاند، “پێشنیارێک هەیە کە هێڵی ئاسنینێک لە سنوری دەریای سوورەوە بەرەو باکوور و عێراق دروستبکرێت، ئەم پێشنیارە ئێستا لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی سعودیەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و هەموو پێکهاتەکانی هەیە بۆ سەرمایەگوزاری سەرکەوتوو، هەربۆیە پێشبینیدەکرێت لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ناوچەی نوێی لۆجستی لە بەندەری عەرعەر ڕابگەیەندرێت
وەزیری بازرگانی سعوودیە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات ڕایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا گەشەی کردوە، بەڵام لە هەمانکاتدا کەمترە لە خواستەکان، سعوودیە ئامادەیە توانا و زانیاریەکان بۆ بەرژەوەندی ریاز بەکاربهێنێت و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ بەغداد زیاتر بکات.