شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە

شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە

تشرینی دووه‌م 16, 2023 19:49
شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە
0

لایک

ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارن رووی لە هەرێمی کردووە کە زۆرترین ئاستی بارانبارین لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەواش، هەفتەی داهاتووش بارانباران لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان-عێراق بەردەوام دەبێت.

رۆژی پێنجشەممە (16ـی تشرینی دووەمی 2023) فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی گرتووەتەوە و بە پێی پێشبینییەکانیش سبەی هەینی، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان-عێراق دەگرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، (16ـی تشرینی دووەمی 2023) بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی کوردستان-عێراق گرتەوە؛ لە پارێزگای هەولێر 30.2 ملیم، سلێمانی 9.1 ملیم، دهۆک 0.5 ملیم، کەرکووک 27 ملیم و لە هەڵەبجە حەوت ملیم باریوە. لە قەزاکانیش بەرزترین رێژە بە 32.4 ملیم لە چەمچەماڵ بووە.

لەلایەن خۆیەوە، دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند: “دوای دابارینەکەی چوارشەممە، رۆژی هەینی دووبارە شەپۆلێکی نوێی دابارین لەسەر هەرێمی کوردستان چڕ دەبێتەوە، بۆیە دووبارە بارانبارین دەست پێ دەکاتەو و پلەکانی گەرمی زیاتر دادەبەزن.”

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی وتیشی، “رۆژی شەممە و یەکشەممەی داهاتوو ئەو کاریگەرییە کەم دەبێتەوە و کەش سەقامگیر دەبێت بەڵام رۆژی دووشەممە و سێشەممە دووبارە بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.”

پێشتریش بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان-عێراق رایگەیاند، “رۆژی هەینی لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پەستانێکی نوێ لە دەریای سپی ناوەڕاست ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوەڕاستی هەرێم نمە باران لە کاتەکانی بەرەبەیان دەست پێدەکات، رێژەی دابارین زیاد دەبێت بەتایبەتی لە ناوچەکانی بادینان و پارێزگای دهۆک تاکو کاتەکانی دوای نیوەرۆ. لەکاتەکانی ئێوارە کاریگەری بەلاوازی دەمینێتەوە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم”.

En az 10 karakter gerekli