ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دانوستانی ئەفغانستان و پاکستان، لە تورکیا بەڕێوەبچێت، ئەمەش بۆ ڕێگرییکردنە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕ و پێکدادان و ناکۆکی، کە لە مانگی ڕابردوو دەیان کەس بەهۆیەوە کوژران.
تورکیا ڕایگەیاندووە لەگەڵ قەتەر نێوەندگیریی لە نێوان ئەفغانستان و پاکستان دەکەن، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم کۆبوونەوەیەدا “میکانیزمێکی چاودێریکردن بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ئاشتی و جێبەجێکردنی سزاکان بەسەر ئەو لایەنەی کە پێشێلی دەکات” پەیڕەو دەکرێت.
ئەفغانستان و پاکستان لە ١٩ـی تشرینی یەکەمدا، لەسەر ئاگربەست لە قەتەر ڕێککەوتن، بەڵام هەفتەی ڕابردوو لە ئیستانبوڵ بەهۆی هەندێک وردەکاریی ئاگربەستەکە ڕیککنەکەوتوون.
هەروەها هەردوو وڵات یەکتر بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە نیازیان لە دانوستانەکان خراپە، هۆشداریشیان داوە لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان، دووبارە جەنگ سەرهەڵداتەوە. تاوەکوو ئێستاش ڕوون نییە ئایا شاندی نوێ ڕەوانەی ئیستانبوڵ دەکرێن یان نا.
هاوکات بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی یەک هەفتەی جەنگدا لە دیوی سنووری ئەفغانستان ٥٠ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و ٤٤٧ کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە کابولیش لایەنی کەم پێنج کەس کوژراون.
سوپای پاکستانیش بڵاویکردەوە، لە هێرشەکانی ئەفغانستاندا، ٢٣ سەربازییان کوژراوە و ٢٩ـی دیکەش برینداربوون.