ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێكەوتی 24ـی ئاداری 2025، بزووتنەوەی مقاوەمەی فەڵەستینی (حەماس) لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل بەرهووم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەی، لە ئەنجامی بۆمبارانێکی ئیسرائیلدا، لە ڕۆژئاوای کەرتی غەززە ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، کاتێک ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خانیونسی کەرتی غەززە، تیمار کراوە، ئیسرائیل بۆمبارانی بەشی بریندارانی نەخۆشخانەکەی کردووە و لە ئەنجامدا بەرهووم کوژراوە.
حەماس بۆمبارانکردنی نەخۆشخانەکەی بە “پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە تاوانە جەنگییەکانی زایۆنیستی (ئیسرائیل) و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی” ناو برد.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، بەشی بریندارانی نەخۆشخانەی “ناسر” نزیکەی 30 قەرەوێڵەی تێدا بووە، بەڵام بەهۆی بۆمبارانەکەی ئیسرائیل، هەموو بەشەکە پەکی کەوتووە و ناتوانێت خزمەتی برینداران بکات.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە 07ـی ئۆکۆتبەری 2023ـەوە تاوەکوو ئێستە زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکان و تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی سوپای ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 110 هەزار دیکەش بریندار بوون.