دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، نوێترین پێشهاتەکانی جەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاستی توانای سەربازی وڵاتەکەی خستە ڕوو. ترەمپ جەختی کردەوە کە سیاسەتەکانی ئەو بووەتە هۆی ڕێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی ئەتۆمی کە دەتوانێت جیهان بەرەو وێرانکاری ببات.
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و تەواوی هێزی دەریایی و درۆنەکانی ئێرانیان لە گەرووی هورمز تێکشکاندووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران خاوەنی ٢٢ کەشتیی مینڕێژکەر بووە و هەموویان لەلایەن سوپای ئەمریکاوە ژێرئاو خراون. ترەمپ هۆشداری دا, ڕێگریکردن لە ئێران بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی لە پێشینەی کارەکانە، چونکە بە وتەی ئەو “ئێران ئەگەر چەکی ئەتۆمی دەستبکەوێت، لە ماوەی یەک کاتژمێردا بۆ وێرانکردنی ناوچەکە بەکاری دەهێنێت.”
سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی ململانێکان، ترەمپ ئاشکرای کرد، پڕۆسەکە زۆری نەماوە و بەم زووانە هەموو شتێک تەواو دەبێت. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کۆتاییهاتنی جەنگ لەم هەفتەیەدا، وتی: “پێناچێت لەم هەفتەیەدا بێت، بەڵام کاتێک ئەم جەنگە کۆتایی دێت، جیهانێکی زۆر ئارامترمان دەبێت.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا گرت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا تریلیۆن دۆلار بۆ پاراستنی وڵاتانی دیکە خەرج دەکات، بەڵام لە کاتی پێویستدا ئەو وڵاتانە ئامادەی بەرگری نین. هەروەها وتی کە پێویستە چین و ژاپۆن سوپاسی ئەمریکا بکەن، چونکە واشنتن ئاسایشی ئەو ڕێڕەوە ئاوییانە دەپارێزێت کە ٩٠٪ـی پێداویستییەکانی ئەو وڵاتانەی پێدا تێدەپەڕێت.
ترەمپ مۆدێلێکی فڕۆکەی جەنگیی (B-2 Stealth Bomber) نیشاندا و بە “تاکە فڕۆکە” وەسفی کرد کە توانای هەڵگرتنی ٢٠٠.٠٠٠ پاوەند بۆمبی هەیە. بارودۆخی ئێستای جیهانیشی بە “یارییەکی شەترەنجی گەورە” چواند و جەختی کردەوە کە کارەکانیان بۆ ڕێگری بووە لە کارەساتی گەورە و جەنگی ئایینی.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بەهۆی بارودۆخی جەنگ و پێویستیی بوونی لە واشنتن، گەشتەکەی بۆ وڵاتی چینی بۆ ماوەی مانگێک دواخستووە، بەڵام جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ پەکین هەیە و بەردەوامن لە هەماهەنگییەکان.
1
گۆڕانکاری کۆیلایەتی لە رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ
2
بەربەستەکانی دەوروبەری کەعبەی پیرۆز لادەبرێن
3
ئەمریکا: ژنانی ئێران تەنها لە پێناوی شکۆی خۆیاندا خۆپیشاندان دەکەن
4
نیگەرانییەکانی بەدەستهێنانی وزە لە ئەوڕووپا بەردەوامە و وڵاتەکان چ رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر؟
5
بەهۆی کەوتنی فڕۆکەیەک سەرجەم سەرنشینەکان گیانیان لەدەستدا