سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێزەکانی مارینز ڕۆژی سێشەممە ڕێگرییان لە کەشتییەکی بازرگانی کردووە لە دەریای عەرەب، بەهۆی گومانی هەوڵدان بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیە دەریاییەی ئەمریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی.
فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، کە بەرپرسە لە هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێگەی پۆستێکەوە لە پلاتفۆرمی (X) بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا کەشتی “بلۆ ستار ٣”یان دوای پشکنین ئازاد کردووە، ئەوەش دوای دڵنیابوونەوە لەوەی کە گەشتەکەی هیچ وەستانێکی لە بەندەرەکانی ئێراندا تێدا نابێت.
فەرماندەیی سەربازی ئەمریکا زیادیشی کردووە: “هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان و سەپاندنی گەمارۆ لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تا ئێستاش ڕێڕەوی ٣٩ کەشتی گۆڕدراوە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە ڕێکارە سەپێنراوەکان.”
لەگەڵ بڵاوکراوەکەدا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا هێلیکۆپتەرێک دەردەکەوێت لەسەر کەشتییەکە دەفڕێت، لەو کاتەی سەربازانی مارینز بە پەت دێنە خوارەوە بۆ سەر ئەو کۆنتێنەرانەی لەسەر پشتی کەشتییەکە ڕیزکراون.
ئەم ڕووداوانە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئێران گەرووی هورمزیان داخست، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتدا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەپاندنی گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا ڕاگەیاند دوای ئەوەی وتووێژەکانی ئاشتی لە پاکستان نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک، و لە ١٣ی نیسانەوە دەستکرا بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.
1
گۆڕانکاری کۆیلایەتی لە رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ
2
بەربەستەکانی دەوروبەری کەعبەی پیرۆز لادەبرێن
3
ئەمریکا: ژنانی ئێران تەنها لە پێناوی شکۆی خۆیاندا خۆپیشاندان دەکەن
4
نیگەرانییەکانی بەدەستهێنانی وزە لە ئەوڕووپا بەردەوامە و وڵاتەکان چ رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر؟
5
بەهۆی کەوتنی فڕۆکەیەک سەرجەم سەرنشینەکان گیانیان لەدەستدا