عەباس عێراقچی لە رووسیا: تاران لە ڕاوێژی بەردەوامدایە لەگەڵ مۆسکۆ

عەباس عێراقچی لە رووسیا: تاران لە ڕاوێژی بەردەوامدایە لەگەڵ مۆسکۆ

نیسان 27, 2026 10:58
عەباس عێراقچی لە رووسیا: تاران لە ڕاوێژی بەردەوامدایە لەگەڵ مۆسکۆ
0

لایک

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران لە ڕاوێژی چڕ و بەردەوامدایە لەگەڵ مۆسکۆ سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی فراوان، بەتایبەتی پرسە ناوچەییەکان و ئاشکراشی کرد کە پاکستان لەم قۆناغەدا ڕۆڵێکی گرنگ لە نێوەندگیری نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگێڕێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ـی نیسانی ٢٠٢٦، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتی گەیشتنی بۆ شاری سانت پترسبۆرگی ڕووسیا رایگەیاند، سەردانەکەی لە چوارچێوەی تەواوکردنی ئەو گەشتە هەرێمییەدایە کە هەریەکە لە پاکستان و عومانی گرتەوە، بە ئامانجی “پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکان و زیادکردنی هەماهەنگی لەگەڵ هاوڕێ ڕووسەکان”، ئاماژەی بەوەش کرد کە شەڕی دوایی بووەتە هۆی دواکەوتنی هەندێک لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن، عێراقچی وتی: “ئیسلام ئاباد ڕۆڵێکی گرنگ لە نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا دەگێڕێت.” ڕاشیگەیاند، گۆڕانکاری لە رێڕەوی دانوستانەکاندا ڕوویداوە، بەڵام ڕێبازی هەڵە و داواکاری زیادەی ئەمریکا بووەتە هۆی ئەوەی خولی پێشووی دانوستانەکان ئامانجەکانیان نەپێکن، سەرەڕای ئەوەی پێشکەوتنی بەرچاو هەبووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، لە سەردانەکەیدا بۆ پاکستان تاوتوێی رێگە گونجاوەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان کردووە و راوێژەکانیان بەرهەمدار بوون. جەختیشی لەوە کردەوە کە ٤٠ ڕۆژ لە بەرگریی قارەمانانەی گەلی ئێران، بەسە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان و سەربەخۆیی و بەرژەوەندییەکانی وڵات.

لە لایەکی دیکەوە، عێراقچی ئاماژەی بە بایەخی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کرد و ڕایگەیاند، سەردانەکەی بۆ عومان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی دراوسێیەتی بووە. وتیشی: “تێپەڕبوونی ئارام بە گەرووی هورمزدا پرسێکی جیهانی گرنگە، ئێمە و عومان پێویستمان بە هەماهەنگی نزیکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، چونکە هەر رێکارێک لەمبارەیەوە کاریگەریی راستی لەسەر بەرژەوەندیی هەردوو وڵات دەبێت.”

En az 10 karakter gerekli