پڕۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان کاتژمێر ٨:٠٠ ئەم بەیانییە دەستیپێکرد، حەماس لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە لە گفتوگۆدایە بۆ یەکلاییکردنەوەی ناوی زیندانییە ئازادکراوەکان.
حکوومەتی ئیسرائیل گۆڕانکاریی بچووکی لەو لیستەدا ڕاگەیاند، ناوی ئەو زیندانییە فەڵەستینیانەی تێدایە، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاگربەست.
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، گۆڕانکارییەکان لابردنی ناوی حەوت منداڵ، زیادکردنی دوو ژن و گۆڕینی چەند ناوێکی دیکەی لەخۆگرتووە بە هۆکاری “ئەمنیی”. هەروەها حکوومەتی ئیسرائیل پێنج ناوی وەک یەدەگ پەسەند کردووە لە ئەگەری پێویستبوون بە هەموارکردنەوەی زیاتر.
سەرچاوەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی حەماس بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، بزووتنەوەکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ نێوەندگیرەکاندا بۆ یەکلاییکردنەوەی لیستی کۆتایی زیندانییەکان، سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی ئیسرائیل بوونەتەوە لەسەر هەندێک ناو.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە، فراکسیۆنەکان پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتنەکەوە نوێ کردووەتەوە و ئامادەکارییەکانیان بۆ ڕادەستکردنی دیلە زیندووەکانی ئیسرائیل تەواو کردووە، کە لە سێ میحوەری جیاوازەوە لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدرێت.
سوپای ئیسرائیل بە فەرمی کەسوکاری دیلەکانی ئاگادار کردووەتەوە، پرۆسەی ئازادکردنەکە بە دوو قۆناغ دەبێت و داوای لێکردوون کاتژمێر ٧:٣٠ بەیانی لە بنکەی سەربازیی “ڕیعیم” ئامادەبن. هاوکات، پاسەکانی نێودەوڵەتیی خاچی سوور بەرەو باشووری ئیسرائیل بەڕێکەوتوون بۆ وەرگرتنی دیلە ئازادکراوەکان.
گەڕاندنەوەی تەرمەکان
سەبارەت بە تەرمی کوژراوەکان، دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، دوای ئازادکردنی دیلە زیندووەکان، ئیسرائیل لە بەرامبەر هەر تەرمێکی ئیسرائیلیدا، تەرمی ١٥ چەکداری حەماس ئازاد دەکات. تیمێکی هاوبەش لە ئیسرائیل، ئەمەریکا، میسر، تورکیا، قەتەر و خاچی سوور سەرپەرشتی ناسینەوەی تەرمەکان دەکەن.
ئەم ئاڵوگۆڕە قۆناغی یەکەمی ئەو ڕێککەوتنەیە کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە ڕاگەیەندرا و بە نێوەندگیریی تورکیا، میسر و قەتەر بەڕێوەچوو.
هەروەها رێکەوتنەکە پێک دێت لە: ئازادکردنی ٢٥٠ زیندانی فەڵەستینی کە سزای هەتاهەتایییان هەیە.
ئازادکردنی نزیکەی هەزار و ٧٠٠ فەڵەستینی کە لە دوای ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستگیرکراون.
لە بەرامبەردا، ئازادکردنی ٤٨ بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە، کە تەلئەڤیڤ مەزەندەی دەکات ٢٠ کەسیان لە ژیاندا مابن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ١١هەزار فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا ڕاگیراون و بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بوونەتەوە.
هاوکات بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.